بەشیر حەداد : دەنگۆی ئەوە هەبوو کە دەستکاری ڕێکەوتنەکەی هەرێم و بەغدا کراوە ، دوو سێ ووشە گۆڕابوو شاندی هەرێمیش بەمە ڕازی نەبوون
پەیامی کورد ... بەشیر حەداد : کێشەی پەسەند نەکردنی بوودجەی ئەم جارەی عێراق لە سەر کورد نەبوو بۆیە بە دڵنیاییەوە ئەم جارە گەشبینین بە تەواو بوونی ڕێکەوتنەکە
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، گەشبینە بەوەی ئەو کێشە بچووکەی کە ڕوویدا لەڕێککەوتنەکەی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر دەکرێت، دەشڵێت، ئەوەی دانیشتنەکەی پەرلەمانی دواخست بۆ هەفتەیەکی تر، ئەو کێشەیە نەبوو لە نێوان کورد و نێوان لایەنەکانی دیکە بەڵکوو کێشەی لایەنەکانی دیکە بۆخۆیان بوو، "با بڵێین پێکهاتەی سوننە هەندێک داواکاری خۆیان هەبوو کە دەیانویست بیخەنە ناو پڕۆژەکەوە، کوتلەکانی شیعە دیسان هەندێک داواکارییان هەبوو".
د.بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق رایگەیاندوە، "رێککەوتنەکە هەڵنەوەشاوەتەوە، بەڵام هەندێک کێشەی دیکە هەیە، هەندێک تێبینی دیکە لەسەر یاسای بوودجە بەشێوەیەکی گشتی هەیە یاسای بوودجە یاسایەکی گشتییە پەیوەندی بەهەموو عێراقەوە هەیە، پەیوەندی بەهەرێمی کوردستان و بەشارەکانی ناوەڕاست و باشووریشەوە هەیە، پەیوەندی بەهەموو چین و توێژەکان بەڵکوو هەموو لایەنە سیاسیەکان، هەمو فراکسیۆنەکانی ناوپەرلەمانیش هەیە هەرلایەنێک و هەر فراکسیۆنێک هەرپێکهاتیەک دەیەوێت جەماوەری خۆی ڕازی بکات و داواکارییەکانی بۆ جێبەجێ بکرێت لەبەرئەوە دەکرێت بەشێوەیەکی باشتر و چاکتر کاری لەسەربکرێت، بۆ ئەوەی ببێتە یاسایەکی دادپەروەر بۆ هەموو شارەکانی عێراق و بۆ هەموو چین و توێژەکانیش".
ئاماژەی بەوەشکرد، پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا یان بەشی هەرێمی کوردستان لە بوودجەی عێراق "ناڵێم کێشەیەک بوو، بەڵام بابەتێک بوو کە پێویستی بەگفتوگۆ هەبوو، گفتوگۆی لەسەرکرا، چەندین جار شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاتە بەغدا هەم لەگەڵ حکوومەتی عێراقی هەم لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، هەم لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانیش چەندجار کۆبووەوە هەتا لەکۆتایدا گەیشتنە ئەنجامێک و ڕێککەوتنێک واژووکرا لەنێوان شاندی حکوومەت و لەنێوان لایەنەسیاسیەکان لەدەرەوەی پەرلەمان کەئەم ڕێککەوتنە واژووکرا ئەمە بوە بنەمایەک بۆئەوەی لەناو پەرلەمانیش کاری لەسەربکرێت ئەو ڕێککەوتنە هاتە ناوپەرلەمان، یەکەمجار پێش ئەوەی لەدانیشتنی پەرلەمان دەنگی لەسەربدرێت دەچێتە لیژنەی تایبەتمەند واتە لیژنەی دارایی، لەلیژنەی داراییش دراسەیەکی باش کرا لیژنەی دارایی نوێنەری هەموو لایەنە سیاسیەکانی تێدایە بۆیە لەوێ گفتوگۆیەکی تەواو کراو ڕەزامەندی لەسەردرا و دەنگی لەسەردرا لەناو لیژنەی دارایی کە بەڵێ ڕازیین.
سەبارەت بەهۆکاری دواخستنی کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی عێراق بۆ ڕۆژی شەممەی داهاتوو، د.بەشیر حەداد باسی لەوەکرد، "رۆژی هەینی هەتا درەنگانی شەو ئەو ڕێککەوتنە لەناو لیژنەی دارایی تەواوبوو دەنگی لەسەردرا و واژووکرا بڕیاربو هەینی دانیشتنی پەرلەمان بکرێت ئەوە بوو نەکرا خرایە شەممە کە چووینەوە گوێمان لەهەندێک دەنگۆ بو لەهەندێک ئەندام پەرلەمان کە گوایە ئەو ڕێککەوتنە کراوە دەکرێت گۆڕانکارییەکی بەسەردا بێت زانیمان کە دوو سێ ووشەی ڕێککەوتنەکە گۆڕاوە، شاندی هەرێم ڕازی نەبوون بەوە ووتیان ناکرێت ئەوە، کوتلە کوردییەکانیش دیسان رازی نەبوون بەوە وتیان رێککەوتنەکە کراوە واژۆی لەسەرکراوە، لیژنەی دارایی دەنگی لەسەرداوە تەواو هیچ بیانویەک نەماوە بۆ گۆڕانکاری لەهەر وشەیەکدا بەهەرحاڵ دیسان لەگەڵ لایەنەکان و کوتلەکان دانیشتن ووتیان ئەم کێشەیە ئاسانە و چارەسەردەکرێت".
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، "ئەوەی دانیشتنەکەی دواخست بۆ هەفتەیەکی تر ئەو کێشەیە نەبو بابڵێین نێوان کورد و نێوان لایەنەکانی دیکە بەڵکو کێشەی لایەنەکانی دیکە بۆخۆیان بو بابڵێین پێکهاتەی سونە هەندێک داواکاری خۆیان هەبوو کە دەیانویست بیخەنە ناو پڕۆژەکەوە، وە کوتلەکانی شیعە دیسان هەندێک داواکارییان هەبوو، داواکاری خۆیان و شارەکانی خۆیان و ناوچەکانی خۆیان بخەنە ناو پرۆژەکەوە هەروەها بابەتی قەرزەکان کەعێراق قەرزی کردووە و داوای قەرزیش دەکات ئەمان دیسان داوایان دەکرد کە ئەو قەرزانە نەکرێت لاببرێت هەروەها هەندێک لایەنەکان داوایان دەکرد نرخی دۆلار کەم بکرێتەوە بەرامبەر بەدینار ئەو بڕیارەی کەدراوە بڕیارەکە هەڵبوەشێتەوە ئیتر هەموو ئەمانە وایانکرد کە نەگەنە ڕێککەوتنێکی تەواو بۆیە ووتیان باشتر وایە کە دەرفەتێک بدەین هەتا گفتوگۆیەکی تەواو بکرێت هەفتەیەکی دیکە ئینجا دەنگی سەر بدرێت".
د.بەشیر حەداد ئەوەشی خستەڕوو کە "بێگومان ئەو شتانەی کەواژووکراوە لەڕێککەوتنەکەدا کوردیش لەسەقفی داواکارییەکانی خۆی هەندێک دابەزی، دڵنیام هەندێک لەلایەنە شیعیەکانیش لەسەقفی داواکارییەکانی خۆیان هەندێک دابەزین هەتا هەرێم و بەغداد گەیشتنە رێکەوتنێک ئیتر لایەنە کوردییەکان دەڵێن ئەمە دوایین سەقفی ئێمەیە کەواژوومان کردووە لەرێککەوتنەکەی ڕۆژی هەینی ناتوانیین لەوە زیاتر بێینەخوار، هەر گۆڕانکارییەک، هەر ووشەیەک بگۆڕدرێت ئێمە ناچینە ژێرباریەوە".
د.بەشیر حەداد دەربارەی ئەو گرفتەی هاتۆتە بەردەم ڕێککەوتنەکەی نێوان هەرێم و بەغداد؟ ووتی"لایەنەکانی دیکە دەڵێن ئاسانە ئەوە چارەسەردەکەین لەگەڵ کورد کێشەمان نابێت بەڵام کێشەی گەورەی بوودجە کێشەی غەیری کوردە نەک کورد".
د.بەشیر حەداد دەشڵێت، "من ئومێد دەکەم، گەش بینیشم بەوەی ئەم کێشە بچووکەی کە ڕوویدا لەڕێککەوتنەکەی نێوان هەولێر و بەغدا ئەمە چارەسەر دەکرێت، کە دانیشتنی پەرلەمان دواخرا بۆ ڕۆژی شەممە هەفتەیەک بۆ بمێننەوە دەگەڕێننەوە، ئێستاش لەبەرئەوەی بۆنەکانی پشووی نەورۆزە لە هەرێمی کوردستان گەڕاینەوە بۆئەوەی لەگەڵ ماڵ و خێزانەکانی خۆمان ئەو پشووە بەڕێ بکەین و ئینشائەڵا بۆ شەممە دەگەڕینەوە بەغداد، من ئومێدم هەیە و گەش بینیشم دەگەینە ڕێککەوتن ئینشائەڵا".
ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە