بەشیر حەداد سەبارەت بە ٢٠٠ میلیارد دینارەکەی هەرێم لە بەغدا هۆشداری دەدات
جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ناردنی ٢٠٠ ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان بەپێی بڕیارێکی یاساییە لە بوودجەی ساڵی ٢٠٢١ و دەشڵێت، "هیوادارم هیچ بڕیارێکی سیاسی نەبێت بۆ راگرتنی ئەو ٢٠٠ ملیارە".
بەشیر حەداد، جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە ووڵامی پرسیاری ناردنی ٢٠٠ میلیار دینارەکە ووتی، "ناردنی پارەکە بڕیارێکی یاساییە و لە بوودجەی ساڵی ٢٠٢١ بڕێک بۆ هەرێم دانراوە، بەڵام تا ئێستا ئەم مانگە نەنێردراوە، چوونکە هێشتا ووردبینی کردنی داهاتەکانی هەرێمی کوردستان تەواو نەبوە و حکوومەتی عێراق بڕیاریداوە بەردەوام بێت لە ناردنی ئەو سولفەیە".
ئاماژەی بەوەشکرد، "هیوادارم هیچ بڕیارێکی سیاسی نەبێت بۆ راگرتنی ئەو ٢٠٠ ملیارە و رەوانەکردنی بەردەوام بێت تا ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان".
١٥ی (حوزەیران/٦)ی ئەمساڵ وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، لەمەوبەدوا مانگانە ٢٠٠ ملیار دینار رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکات، ئەوەش بەهۆی دواکەوتن لە ووردبینی کردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی.
دوای ئەوەی حکوومەتی عێراق بڕیاری رەوانەکردنی پارەی مانگانەی بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستاندا، حکوومەتی هەرێم بڕیاریدا لێبڕینی مووچە کۆتایی پێبهێنێت.
ئەم بابەتە 11989 جار خوێندراوەتەوە