بەشەخۆراكی هەشتەم گه‌یشته‌ هه‌رێم‌ و ده‌ست به‌دابه‌ش كردنى ده‌كرێت

پەیامی کورد   ...  بەشەخۆراكی هەشتەم گه‌یشته‌ هه‌رێم‌ و ده‌ست به‌دابه‌ش كردنى ده‌كرێت

حکوومەتی هەرێم ئاشكرای ده‌كات، به‌شه‌خۆراكى هه‌شته‌م گه‌یشتۆته‌ هه‌رێمى كوردستان‌ و بەرپرسێكی وەزارەتی بازرگانی حكوومه‌تیش ده‌ڵێت:"لەم هەفتەیەدا لە زۆربەی ناوچەكان دابەش دەكرێت‌ و سه‌ره‌تاش له‌هه‌ولێره‌وه‌ ده‌ستى پێكردوه‌".
نەوزاد شێخ كامیل بەڕێوبەری گشتیی بازرگانی لەوەزارەتی بازرگانی‌و پیشەسازی حكوومەتی هەرێم ڕایگەیاند، "بەشەخۆراكی هەشتەم هاتووەو لەهەولێرەوە دەست بەدابەش كردنی بەسەر بریكارەكان‌و هاووڵاتییاندا كراوە".
ووتیشى:"خۆراك بۆ پارێزگاكانی دیكەی هەرێمیش هاتووە، بەڵام ئەوان بەشی حەوتیان تەواونەكردوە، بۆیە هێشتا دەستیان بەدابەشكردنى نەكردوە، لەم هەفتەیەشدا بەشەخۆراكی هەشتەم لەهەموو ناوچەو پارێزگاكان دابەش دەكەین‌و ئەو مادانەی هاتوون دەدرێنە هاووڵاتییان".
به‌وته‌ى ئه‌و به‌رپرسه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێم، "زەیت‌و برنج‌و دۆشاوی تەماتەو فاسۆلیا و شەكر هاتووه‌و مادەكانی دیكەیش دەگەن‌و دابەشیان دەكەین".
دڵنیایی به‌ هاووڵاتیانیشداو ووتى:"هیچ خۆراك‌و بەشەخۆراكێك نافەوتێت‌و ئەوەی دێت دابەشی دەكەین، بەڵام هەندێ كجار دوادەكەوێت، بۆ نموونە، لەشارێك مادەیەكی خۆراك دراوە، لەشارێكی دیكە نەدراوە، بەڵام لەكۆتاییدا هەردێت‌و دابەشی دەكەین".
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، لەكۆتایی هەفتەی ڕابردودا، لەناوچە دورەکانی پارێزگای هەولێر، دەست بەدابەش كردنی بەشەخۆراكی تازە كراوە، سەبەتەی خۆراکی مانگانەی هاووڵاتییانیش، پێکهاتووە له(شەکر، زەیت، دۆشاوی ته‌ماتە، فاسۆلیا، لەتکەنۆک، برنج‌و ئارد).


ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە