بەغدا خاڵی گومرکی لە نێوان ھەرێم و پارێزگاکانی عێراق داناوە"
پەیامی کورد ... بەغدا خاڵی گومرکی لە نێوان ھەرێم و پارێزگاکانی عێراق داناوە"
ماوەی چەند ڕۆژێکە حکوومەتی بەغدا خالی گومرکی لە ھەموو ئەو دەروازانەی دەچنەوە پارێزگانی ناوەڕاست و باشووری عێراق داناوە و بەرپرسێکی وەزارەتی بارزگانییش دەڵێت، وەزارەتی بازرگانی و حکوومەتی عێراقمان ئاگادار کردووەتەوە بۆ لابردنیان.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوبەری گشتی بازرگانی ، ڕاگەیاند: "ماوەیەکە حکوومەتی عێراق خاڵی گومرکی لە نێوان پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان و ناوەڕاست و باشووری عێراق داناوە و باجی خستووەتە سەر ئەو بەرھەم و کەل و پەلانەی لە ھەرێمی کوردستانەوە ڕەوانەی ناوچەکانی دیکەی عێراق دەکرێن، پێشتریش ئەو کێشەیە ھەبووە و چارەسەر کراوە، بەڵام دیارە دیسان خالی گومرکییان داناوە.''
بەڕێوبەری گشتی بازرگانی دەڵێت : "ھاوردەکردنی ھیچ کەل و پەلێک قەدەغە نییە، بەڵام باجیان لێ وەردەگیرێت، ئەمەیش ھۆکارە بۆ زیان گەیاندن بە بازرگانان و ئابووری ھەرێمی کوردستان، چوونکە ئەو کەل و پەلانەی ھاوردەی ناوچەکانی دیکەی عێراق دەکرێن ، لەسەر سنوور باجیان لێ وەردەگیرێت و نابێت دووبارە باجیان بخرێتە سەر.''
نەوزاد شێخ کامیل ڕوونی کردەوە: "وەزارەتی بازرگانی ھەرێمی کوردستان، بازرگانی عێراقی ئاگادار کردووەتەوە بۆ لابردنی ئەو خاڵە گومرکییانە و ئاسایی کردنەوەی ڕەوشەکە، ھەروەھا لە ڕێگەی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە لە بەغدا سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ ئاگادار کراوەتەوە، چوونکە ناکرێت لە یەک ووڵاتدا ڕێگە بە ھاوردەکردنی کەلوپەل بگیرێت و دووبارە باجیان لێ وەربگیرێت.''
ئەم بابەتە 11992 جار خوێندراوەتەوە