بەم ئەگەرە نرخی نەوت دەگاتە ٥٠٠ دۆلار
پەیامی کورد ... بەم ئەگەرە نرخی نەوت دەگاتە ٥٠٠ دۆلار
جێگری سەرۆک وەزیرانی ڕووسیا ڕایدهگهیهنێت، "ئەگەر بێتو فرۆشتنی نەوتی ڕوسیا قەدەغە بکرێتو ووڵاتانی ڕۆژئاوا دەستبەرداری هاوردەکردنی نەوتی ئەو ووڵاتەبن، ئەوە نرخی بەرمیلێک نەوت لەبازاڕە جیهانییەکاندا دەگاتە ٣٠٠ دۆلار"، دهشڵێت:"بەشێک لە پسپۆڕانیش پێشبینی دەکەن نرخی بەرمیلێک نەوت بگاتە ٥٠٠ دۆلار".
ئەلێکساندەر نۆڤاک جێگری سەرۆک وەزیرانی ڕووسیا لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانی و لەبارەی ئەگەری دەست بەرداربوونی ڕۆژئاوا لەکڕینی نەوتی ڕووسیا ووتى:"ڕووسیا بەردەوام دەبێت لەپاراستنی ئەو ئاستەی ئێستای بەرهەمهێنانی نەوت، هەرچەندە بەشێک لە کۆمپانیا بیانییەکان کە لهکەرتی نەوتی ڕووسیا کاردەکەن، باس لەئەگەری کۆتاییهێنانی کارکردنیان لەو ووڵاتەدا دەکەن".
ئەو بەرپرسە باڵایەى ڕووسیا باسی لەوەشکرد، "ڕووسیا توانای ئەوەی هەیە ئەو جێگایانەی نەوتی بۆ هەناردە دەکات هەمەچەشن بکاتو تەنها پشت بەڕۆژئاوا نەبەستێت".
بەوتەی نۆڤاک، "لەحاڵەتو ئهگهرى سەپاندنی سزا بەسەر کەرتی نەوتی ڕووسیاو دەستبەرداربوونی ڕۆژئاوا لەکڕینی نەوتەکەی، ئەوە نرخی بەرمیلێک نەوت دەگاتە ٣٠٠ دۆلارو بەشێکیش لەپسپۆڕان پێشبینیدەکەن نرخی بەرمیلێک نەوت بگاتە ٥٠٠ دۆلار".
ڕاپۆرتە میدیاییەکان باس لەوەدەکەن، یەکێتی ئەورووپا ئامادەکاریی بۆ سەپاندنی پێنجەم گورزی سزاکانی بۆسەر ڕووسیا دەکات، جگە لەوەی یەکێتییەکە هەڵسەنگاندن بۆ بژاردەی قەدەغەکردنی کڕینی نەوتی ڕووسیاش دەکات.
بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، بەرپرسێکی باڵاى ئەورووپی وتوویەتی:"هەرچەند لەماوەی ڕابردوودا یەکێتیی ئەورووپا پێنج سزای بەسەر ڕووسیادا سەپاندووە، بەڵام مۆسکۆ هیچ گۆڕانکارییەکی لەسیاسەتی خۆی بەرامبەر بەئۆکراین نەکردووە، لەبەرئەوە ووڵاتانی ئهندام له یەکێتییەکە خۆیان یەکلایی دهکەنەوە کە ئایا هاوردەکردنی نەوتی ڕووسیا قەدەغە دەکەن یان نا".
ئەم بابەتە 11993 جار خوێندراوەتەوە