بەندکراوێکی سیاسی حۆکمی ٤٠ ساڵ بەندکردن و گواستنەوەی بۆ شوێنێکی دیکە بە سەردا سەپێندرا

پەیامی کورد      ...    بەندکراوێکی سیاسی حۆکمی ٤٠ ساڵ بەندکردن و گواستنەوەی بۆ شوێنێکی دیکە بە سەردا سەپێندرا

 بە پێی هەواڵ و زانیارییەکان لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا موحەمەد مورادی، خەڵکی پیرانشار لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە سەرۆکایەتی دادوەر جەواد غوڵامی سزای ٤٠ ساڵ بەندکران و دووخرانەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ بە سەریدا سەپا.

موحەمەد مورادی خەڵکی گوندی قەبری حسێنی پیرانشار کە ٦ مانگ ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) بووە، پاشان لەو حیزبە جیا دەبێتەوە و خۆی ڕادەستی کۆماری ئیسلامی دەکات. 

بە ووتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هەرچەند موحەمەد خۆی ڕادەست کردووە، بەڵام سوپای پاسداران لە ڕێگای یەکێک لە ئەندامەکانی خۆیەوەی بە ناوی "عەلی ئاتەش بەرگ" دۆسیەیەکیان بۆ کردووەتەوە و وایان نیشان داوە کە موحەمەد لەکاتێکدا ٣ چەکی پێ بووە دەستبەسەر کراوە.

موحەمەد مورادی دوای دەستبەسەر کران بۆ بەندیخانەی ورمێ گوازراوەتەوە و دواتریش بۆ بەندیخانەی پیرانشار.

جێگای ئاماژەیە کە دوو برای موحەمەد بە ناوەکانی "عەبدۆلڕەحمان و سادق مورادی" ڕۆژی دووشەممە ١٠ی مەی ٢٠٢١، لەکاتی کۆڵبەری دا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران گیانیان لە دەست دا.


ئەم بابەتە 11992 جار خوێندراوەتەوە