بەندکراوێکی سیاسی کورد: بە شێوەی تیروپشک سزام بەسەردا سەپێندرا !!
قادر موحەممەدزاده، بەندکراوی سیاسی کورد کە ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندی یەزد، سەرقاڵی تێپەڕاندنی حەفدەهەمین ساڵی سزای بەندکرانەکەیەتی، نامەیەکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا دەڵێ کە بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست لە ڕێگای تیروپشکەوە سزام بەسەردا سەپاوە.
قادر موحەممەدزاده ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی سەرماوەزی ١٣٨٤ی هەتاوی، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەست بەسەر و دوای چەند مانگ بۆ بەندیخانەی ناوەندی ئۆرمیە گوازرایەوە.
ئەم بەندکراوە سیاسییە دوای ١٥ مانگ لەلایەن دادگای شۆڕشی ڕێژیم لە مەهاباد بە تۆمەتی موحاربە لە ڕێگای ئەندام بوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا کە ئەو سزایە لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ئۆرمیە بۆ ٢٠ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندی یەزد گۆڕدرا.
قادر موحەممەدزاده بەندکراوی سیاسی خەڵکی بۆکان و لەدایکبووی ساڵی ١٣٥٦ی هەتاوی، کە بە تۆمەتی پێوەندی لەگەڵ حیزبێکی کوردستانی دژبەری ڕێژیم سزای ٢٠ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی یەزدی بەسەردا سەپاوە، ئێستا ١٦ ساڵ و ٦ مانگ لەماوەی سزاکەی تێپەڕ کردووە و لەماوەی ئەم ساڵانەدا هەتا ئێستا بۆ یەک ڕۆژیش مافی مەرەخەسی پێنەدراوە.
ناوبراو هەروەها دەڵێ: “لەکاتی دادگاییکردن، تۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی هێزە ئینتزامییەکانیش خرابوویە پاڵم، بەڵام لە ڕاستیدا من دەستم لە کوشتنی ئەو کەسەدا نەبوو، بەڵام دادوەر ڕاستەوخۆ بە منی ووت کە کەسێک کوژراوە و دەبێ کەسێک سزا بدرێ، ئێوە هەرچەند بە تۆمەتی سیاسی گیراون، تاوانبار بن یان تاوانبار نەبن، دەبێ لەسەر ئەو تۆمەتە سزا بدرێن.”
ئەم بابەتە 11986 جار خوێندراوەتەوە