بەند کراوێکی سیاسی بە حۆکمی لە سێدارەدان پاش دوو دەیە بەندکردن، ئازاد کرا
پەیامی کورد ... بەند کراوێکی سیاسی بە حۆکمی لە سێدارەدان پاش دوو دەیە بەندکردن، ئازاد کرا
ڕۆژی شەممە ٨ی خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی، سەعید سەنگەر بەندکراوی سیاسی خەڵکی پیرانشار دوای ٢١ ساڵ بەندکران بە بێ هەبوونی مافی مرەخەسی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ئازاد کرا.
سەعید سەنگەر، لەدایکبووی ١٣٥٢ و خەڵکی پیرانشارە.
ناوبراو ڕێکەوتی ١٠ی پووشپەڕی ساڵی ۱۳۷۹ لە مەریوان دەسبەسەر و ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی شاری سنە و پاشانیش تاران کرا.
سەعید سەنگەر ساڵی١٣٧٩ لەلایەن دادگای ئینقلابی سنە به دادوەری قازیی فاتمی، بە تۆمەتی "موحاربه لە ڕێگەی ئەندامەتی ڕێکخراوی موجاهدین خەڵق" بە ئێعدام مەحکووم کرا.
ناوبراو بەفرانباری ٨٢ بۆ بەندیخانەی ناوەندی ورمێ ڕاگوێزرا و حوکمی لەسێدارەدانی بۆ بەندکردنی هەتاهەتایی گۆڕدرا و پاش چوار ساڵ واتە ساڵی ٨٦ بۆ بەندیخانەی ناوەندی سنە ڕاگوێزرا و هەتا ساڵی ٩٤ لەوێدا زیندانی بووە . سەنگەر ڕێکەوتی ١٠ی پووشپەڕی ساڵی ٩٤ جارێکی تر بۆ بەندیخانەی ورمێ ڕاگوێزرا و لەو کاتەوە هەتا ئێستا لەوێدا زیندانی بووە.
حوکمی بەندکرانی هەتاهەتایی سەعید سەنگەر لە ڕێکەوتی بەفرانباری ۹۵ لەلقی ۴ی جێبەجێکردنی حوکمەکانی سنە بۆ ۱۸ ساڵ بەندکردنی هەلپەسێردراو شکایەوە و هەر لەو ساڵەشدا حوکمی ئازادی لە لایەن دادگای سنە دەرچوو، بەڵام وەزارەتی ئیتلاعات ڕێگەی نەدا ئەو بەندکراوە ئازاد بکرێت و بە شێوەیەکی نایاسایی لە بەندیخانە دا ڕایگرت.
شایانی باسە ناوبراو لە مافی سەردانیکردنی دەرەوە بێبەش کرا.
سەعید سەنگەر لە ڕەشەممەی ۹۸ لەلایەن دادگای ورمێ بە تۆمەتی "ئەندام بوونی لە موجاهدین خەڵق" و "پێوەندی لەگەڵ دەرەوەی زیندان" ١٥ ساڵی دیکە بەندکرانی بۆ برایەوە ئەوە لە حاڵێکدابوو کە ناوبراو دوو ساڵ بە نایاسایی لە بەندیخانە و بە فشاری وەزارەتی ئیتلاعات بەند کرا بوو.
ئەم بابەتە 11989 جار خوێندراوەتەوە