بەند کراوێکی سیاسی بە هۆی ئەشکەنجەوە، تووشی خوێنڕێژی گەدە بوو

پەیامی کورد      ...    بەند کراوێکی سیاسی بە هۆی ئەشکەنجەوە، تووشی خوێنڕێژی گەدە بوو

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا دانیشتوویەکی خەڵکی بانە بە ناوی "هوشیار شەعبانی" بەهۆی خوێنبەربوونی گەدە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبی ڕاگوێزراوە.

 بە گویرەی هەواڵ و زانیارییەکان : "بەهۆی لێدان و ئەشکەنجەکردنەوە، فەرهاد شەعبانی تووشی خوێنبەربوونی گەدە بووە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: "ئەو هاووڵاتییە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبی شاری بانە لەژێر چاودێری ئەمنییەتیدا بووە و دووبارە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی بانە ڕاگوێزراوەتەوە".

"پاش ڕاگواستنی ئەو هاووڵاتییە بۆ نەخۆشخانە، هێزە ئیتلاعاتییەکان ڕێگەی چاوپێکەوتنیان بە بنەماڵەی شەعبانی نەدابوو. ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا تەنیا جارێک لەگەڵ بنەماڵەکەی پەیوەندیی تەلەفۆنی هەبووە.

 ناوبراو لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەریش بێبەری کراوە".

ڕۆژی پێنجشەممە ، ئەو هاووڵاتییە بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و هەتا ئێستا لە هۆکاری گیران و تۆمەتە ئاراستە کراوەکان لە دژی ئەو، زانیارییەکی وورد بە دەست نەهاتووە.


ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە