بەهای دۆلار تا دێت زیاتر دەفڕێت

پەیامی کورد      ...      بەهای دۆلار تا دێت زیاتر دەفڕێت

دوای پەسەندکردنی بوودجەی 2021ی عێراق بەهای دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە دینار گەیشتوەتە بەرزترین ئاست و ئەمڕۆ هەینی 100 دۆلار بەرامبەرە بە 146 هەزار و 850 دینار، ووتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانیش رایگەیاند، بەهای دۆلار پێدەچێت تاوەکوو 147 هەزار و 500 دینار بڕوات.

جەبار گۆڕان، ووتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی رایگەیاندووە ، دوای ئەوەی لە بوودجەی 2021ی عێراق پەسەندکراو بەهای 100 دۆلار بە 145 هەزار دینار لە وەزارەتی داراییەوە بۆ ناوەندی جێگیرکرا، وەزارەتی دارایی عێراق نەوت بە دۆلار دەفرۆشێت و هەژمارێکی تایبەتی هەیە لە بانکی ناوەندی و رۆژانە 100 دۆلاری بە 145 هەزار پێدەفرۆشێت، بانکی ناوەندیش بە 146 هەزار دەیداتە کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو و بانکە بازرگانیەکان.

ئاماژەی بەوەشکردوە، کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو و بانکە بازرگانی یەکان سوودی خۆیان دەخنە سەر فرۆشتنی دۆلار دوای ئەوەی لە بانکی ناوەندی دەکڕنەوە، بۆیە 100 دۆلار لە سەرووی 146 هەزار دینارەوە مامەڵەی پێوەدەکرێت.

ووتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی باسی لەوەشکرد، "پێموایە تاوەکوو هەفتەکانی داهاتوو بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار ناجێگیر دەبێت و رۆژانە بەرزو نزمی دەکات، چونکە بەگشتی بەهای هەر دراوێک کە بەخێرایی دادەبەزێت دوای ئەوە بە ئاڕاستەی پێچەوانە بەرزدەبێتەوە و دواتر دادەبەزێتەوە، بەڵام دەشێت دواتر 100 دۆلار لە 146 هەزار و 500 دینارەوە بۆ 147 هەزار و 500 دینار جێگیر دەبێت".

نرخی دراوەکانی دیکە بەمجۆرە مامەڵەی پێوەدەکرێت:

100 دۆلار بەرامبەرە بە 146850 دینار.

100 یۆرۆ به‌رامبه‌ر به‌ 116.25 دۆلار.

100 پاوه‌ن  به‌رامبه‌ر به‌ 136 دۆلاری ئه‌مریكییه‌.

100 دۆلاری ئه‌مریكی به‌رامبه‌ر به‌ 2.550.000 تمه‌نی ئێرانی.

100 دۆلاری ئه‌مریكی به‌رامبه‌ر به‌ 750 لیره‌ی توركییه‌.

1000 كرۆنی سویدی به‌رامبه‌ر به‌ 113 دۆلاره‌.

1000 كرۆنی نه‌رویجی به‌رامبه‌ر به‌ 114.5 دۆلاره‌.

1000 كرۆنی دانیماركی به‌رامبه‌ر به‌ 155 دۆلاره‌.


ئەم بابەتە 11991 جار خوێندراوەتەوە