بەهۆی تەقینەوەی کێوێک هێزەکانی تاڵەبان گەمارۆ دراون
هێزەکانی بەرگری "پەنجشێر": هێزەکانی تاڵەبان بەهۆی تەقینەوەی کێوێک گەمارۆ دراون
لەحاڵێکدا شەڕ و بەربەرەکانێیەکی تووند و تۆڵ بۆ کۆنتڕۆڵی "دۆڵی پەنجشێر"، لە ئارادایە، "فەهیم دەشتی"، یەکێک لە ووتەبێژەکانی بزووتنەوەی بەرگری لە "پەنجشێر"، وتوویەتی: هێزەکانی تاڵەبان بەهۆی تەقینەوەی کێو و داڕمانی لە ناوچەی دەشتی "ڕیوات"، کەوتوونەتە گەمارۆوە و تەواوی کەلوپەل و تەقەمەنییەکانیان بەجێهێشتوون.
"دەشتی" هەروەها ڕایگەیاندووە، شەڕ و پێکدادانێکی تووند لە "ساحە"، درێژەی هەیە و دەربازگەی "خاواکـ"ـیش، پچڕاوە و هەزاران شەڕکەری تاڵەبان لە "پەریان"، کەوتوونەتە بۆسەوە.
بەرپرسانی تاڵەبان لەو پێوەندییەدا هەتا ئێستا هیچ لێدوانێکیان نەداوە.
ناوچەی "پەنجشێر"، تەنیا شوێنێکە کە نەکەوتووەتە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی تاڵەبان و شەڕ و پێکدادانێکی چڕ لەنێوان ئەو هێزە و هێزەکانی ناسراو بە گرووپی بەرگری لەو ناوچەیەدا لە ئارادایە.
یەکێک لە هێزەکانی تاڵەبان بە هەواڵدەریی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە کە ئەو ناوچەیەیان کۆنتڕۆڵ کردووە، بەڵام هێزەکانی بەرگری لە دۆڵی پەنجشێر، ئەو هەواڵەیان ڕەت کردووەتەوە.
ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە