"بەپێی پڕۆژەیاسایەك، ئافرەتانی رزگاربووی دەستی داعش مووچەیان بۆ دەبڕدرێتەوە"
پەیامی کورد ... بە پێی پڕۆژەیاسایەك، ئافرەتانی رزگاربووی دەستی داعش مووچەیان بۆ دەبڕدرێتەوە"
پەرلەمانتارێكی كوردی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای كچان و ژنانی ئێزدیی رزگاربووی دەستی داعش دەدات، كە لە رووی ماددی و مەعنەوییەوە، بۆ سەرجەم كچان و ئافرەتانی رزگاربووی دەستی تیرۆریستان، گرنگە.
وەسفیە محەممەد شێخۆ، كە ئەندامی لیژنەی خێزان و ئافرەتان و منداڵانە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق،رایگەیاند: "بڕیارە کاتژمێر (٣)ـی ئەمڕۆ چوارشەممە، دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوە بچێت، یەكێك لە بڕگەكانی كارنامەی دانیشتنەكەش، دەنگدانە لەسەر پڕۆژەیاسای كچان و ژنانی ئێزدیی رزگاربووی دەستی داعش، كە پرۆژەیاسایەكی گرنگە و یەكدەنگی و هاوسۆزیی كوتلە سیاسییەكانی لەسەر درووست بووە، بۆ ئەوەی ئەمڕۆ دەنگی لەبارەوە بدرێت".
ئەو ئەندامە كوردەی لیژنەی خێزان و ئافرەتان و منداڵان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق راشیگەیاند: "ئەم پڕۆژەیاسایە، گرنگییەكی زۆری دەبێت بۆ كچان و ژنانی ئێزدی لە رووی ماددییەوە، چوونكە مووچەیەكی مانگانەیان بەپێی یاسا بۆ دەبڕێتەوە، هەروەها پارچەزەوییەكیان پێ دەدرێت لەگەڵ قەرزێك كە بتوانن خانوو لەسەر زەوییەكە درووست بكەن، بۆ خوێندیش بێ مەرج وەردەگیرێن و بەردەوامی بە خوێندن دەدەن، لە هەمان كاتدا پڕۆژەیاساكە لەلایەنی مەعنەویش گرنگە بۆیان، چونكە لە رووی دەروونییەوە دەبێ چارەسەر بكرێن و سەنتەریان بۆ بكرێتەوە".
شێخۆ دەشڵێت: "وەكوو لیژنە، تێبینیمان لەسەر پڕۆژەیاساكە هەیە، بە تایبەت لەسەر ئەو منداڵانەی كە لەو ئافرەتە رزگاربووانە لە دایك بوونە، بەڵام نووسینگەی ئەنجوومەنی روحانیی ئێزدییەكان، داوایان كرد ئەم بابەتەی تێدا نەبێت، بۆیە ماددەكە لە یاساكە لابراوە، هەر بۆیە لە داهاتوودا دەمانەوێت ئەم بابەتە چارە بكرێت".
ناوبراو گوتیشی: "ئەم پڕۆژەیاسایە، كچان و ژنانی پێكهاتەكانی تریش دەگرێتەوە، بۆ نموونە پێكهاتەی مەسیحی یان شەبەك، ئەوانیش لە پڕۆژەیاساكە سوودمەند دەبن، لە دوای پەسەندكردنی پڕۆژەیاساكەش، لیژنەیەك لەلایەن وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی حكوومەتی عێراق دروست دەكرێت، كە حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش ئەندامی لەو لیژنەیەدا دەبێت بۆ جێبەجێكردنی یاساكە و، ئەوانەی رزگار بوونە، لیژنەكە بەپێی بەڵگە ناویان تۆمار دەكات".
ئەم بابەتە 11986 جار خوێندراوەتەوە