بەپەلە ... ئیدارەی بایدن یەکەم بریاری دژ بە رۆژئاوای کوردستان دەرکرد
پەیامی کورد ... ئیدارەی بایدن یەکەم بریاری دژ بە رۆژئاوای کوردستان دەرکرد
بەگوێرەی ئاژانسی "ئەسۆشەیتد پرێس" کە پشتی بە سەرچاوەیەکی ئاگادار بەستووە،ڕایگەیاند : ئیدارەی جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا مووڵەتی کارکردنی کۆمپانیای نەوتی " دێڵتا کرێست ئێنێرژی" هەڵوەشاندۆتەوە کە لەسەردەمی ئیدارەی دۆناڵد ترامپ دا بەمەبەستی پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی رۆژئاوای کوردستان مۆڵەتی پێدرابوو.
ئەو سەرچاوەیە کە داوای کردووە ناوەکەی ئاشکرا نەکرێت بە ئەسۆشەیتد پرێسی وتووە : ئیدارەی بایدن مووڵەتی کارکردنی بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکە نوێ نەکردووەتەوە تاوەکوو لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئیدارەی خۆسەر کاربکات، بەمەبەستی نۆژەنکردنەوە و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ناوچەکە.
سەرچاوەکە روونیکردۆتەوە کە پارێزگاریکردن لە بەرهەمهێنانی نەوت چیتر بەشێک نییە لە سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەسەردەمی ئیدارەی بایدن دا، بەوپێیەی بایدن وای دەبینێت کە بەکارهێنانی سوپای ئەمریکا بۆ ئاسانکاریکردنی بەرهەمهێنانی نەوتی سووریا کارێکی شیاو نییە.
بەگوێرەی یاسای قەیسەر، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ڕێگە بە کۆمپانیا ئەمریکاییەکان نادات لەناو سووریادا کاری بازرگانی بکەن، بەڵام لەمانگی نیسانی رابردوودا، ئیدارەی ترەمپ دوای راگەیاندنی خواستی واشینتۆن بۆ مانەوەی بەشێک لە هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە سووریا، کۆمپانیا نەوتییەکەی ئەمریکای لە سزاکان بەخشی و مووڵەتی کارکردنی لە رۆژئاوای کوردستان پێدا.
کۆمپانیای "دێڵتا کرێست ئێنێرژی" لەساڵی ٢٠١٩ لەلایەن جەیمس کاین کە ئەفسەرێکی خانەنشینە لە هێزی دەلتای سوپای ئەمریکا و جۆن دۆرییە جۆنیۆر بەرپرسی جێبەجێکردنی پێشووی کۆمپانیای "گۆڵف ساند پێتریلیۆم" ەوە دامەزراوە و بارەگاکەی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە.
ئەم بابەتە 11997 جار خوێندراوەتەوە