بەپەلە ... ئەنجامدەرانی هەوڵە تێرۆریستییەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکرا دەکرێت
لە کاتێکدا شەورای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بەیاننامەیەکدا هەوڵی تێرۆرکردنی موستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی بە تووندی مەحکووم کرد، داوای سزای قورس بۆ بکەرانی ئەو تاوانە دەکات.
ووڵاتانی ئەندام لە شەورای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، شەوی دووشەممە ٨ی نۆڤەمبەری ٢٠٢١ ، هێرشی گرووپە میلشیاکانیان بۆسەر سەرۆکوەزیرانی عێراق بە تووندی مەحکووم کرد و هەر لەم پێوەندییەدا سەرچاوە زانیارییەکانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی ئەلعەرەبیە یان ڕاگەیاندووە کە ٣ کەس لە ئەندامانی گرووپە میلیشیاکانی سەر بە رێژیمی ئێران لەو هێرشەدا دەستیان هەبووە و ئاشکرا کراون.
ئەندامانی شۆرای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە دەبێ بکەران و ئەو کەس و گرووپانەی کە دەستیان لەم هێرشە تێرۆریستییەدا هەبووە بە تووندترین شێوە سزا بدرێن.
لە کاتێکدا کە لێکۆڵینەوە لەسەر هێرشە تێرۆریستییەکەی سەر موستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەردەوامە، بەرپرسانی ئەمنییەتی و سەرچاوەکانی نزیک لە هێزە چەکدارەکانی عێراق کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بێ، ڕۆژی دووشەممە بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە کە ئەم هێرشە تێرۆریستییە لەلایەن دوو گرووپی میلیشیای سەر بە ریژیمی ئیرانەوە کراوەتە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆکوەزیرانی عێراق و فڕۆکە بێفرۆکەوانەکە و ماددە تەقەمەنییەکان هەموو درووستکراوی ووڵاتی ئێرانن.
هەروەها ئەو بەرپرسانی ئەمنییەتیی عێراق ڕایانگەیاندووە کە دوو گرووپی میلیشیای “کەتائێبی حیزبۆڵڵای عێراق و عەسائێبی ئەهلی حەق” بە شێوەیەکی هاوبەش ئەو هێرشە تێرۆریستییەیان بەڕێوە بردووە.
جێگای ئاماژەیە کە هادی عامری و قەیس خەزعەلی، لە فەرماندەکانی سوپای بەدر و عەسائێبی ئەهلی حەق لە تێک هەڵچوونەکانی ناوچەی سەوزی بەغدا و کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان بەدژی ئاکامی هەڵبژاردنەکانی پەرلمانی عێراق، بەردەوام هەڕەشەیان لە سەرۆکوەزیران و ئەندامانی دەوڵەتی عێراق کردبوو.
ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە