بەپەلە ... بە پێی بڕیاڕێکی نوێی پاڤێڵ تاڵەبانی چەندین بەرپرسی دیکەی ئەو حێزبە دەگۆڕدرێن
لە چەند رۆژی داهاتودا بە بڕیاری پاڤێڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی بەرپرسی چەند مەكتەبێكی یەكێتی دەگۆڕدرێن و ئەندامانی دەستەی كارگێڕیش زیاد دەكرێن. ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتیش دەڵێت: چەندین گۆڕانكاری لەناو خۆی یەكێتی بە چەند قۆناغێك ئەنجام دەدرێن و بەرپرسی مەكتەبەكان و لێپرسراوی مەڵبەندەكان دەگرێتەوەو بڕیار لەسەر گۆڕانكارییەكانیش دراوە تەنها جێبەجێكردنیان ماوە.
غازی كەركووكی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نشتیمانی كوردستان، ئەمڕۆ شەممە، بە میدیای حزبەكەی راگەیاند : "ئێمە لە ئەنجوومەنی سەركردایەتی دەسەڵاتی تەواومان بە (باڤێڵ جەلال تاڵەبانی) داوە بۆ ئەوەی گۆڕانكاری پێویست لە ئۆرگان و مەكتەب و مەڵبەند و ڕێكخستنە ناوخۆییەكانی یەكێتی نشتیمانی كوردستان ئەنجام بدات، لەو چوارچێوەیەشدا لەچەند ڕۆژی داهاتوودا چەندین گۆڕانكاری ناوخۆیی لە مەكتەبەكان و مەڵبەندەكان ئەنجام دەدرێن."
غازی كەركوكی وتووشیەتی"ئەو گۆڕانكارییانە بەمەبەستی زیاتر بەرەوپێش چوونی كاروبارە حزبییەكانەو هەروەها دانانی كەسانی شیاوە لە شوێنی شیاو، هاوكات گۆڕانكارییەكانیش بەچەند قۆناغێك ئەنجام دەدرێن و لەسەرەتادا بەرپرسی چەند مەكتەبێك گۆڕانكارییان تێدا دەكرێت و پاشان بەرپرسی مەڵبەندەكان و دواتر ڕێكخستنەكانی دیكە ئەو گۆڕانكارییانەیان تیادا ئەنجام دەدرێت، ئەوەش كارێكی سروشتی و ئاساییە بۆ زیاتر نوێبونەوەی یەكێتیە."
بەگوێرەی زانیارییەكانی میدیای یەكێتی ئەو گۆڕانكارییانەی كە لە قۆناغی یەكەم دا ئەنجام دەدرێن بریتین لە زیادكردنی ئەندامانی دەستەی كارگێڕی لە پێنج ئەندامەوە بۆ حەوت ئەندام و بەشێك لە گۆڕانكارییەكانیش بەم جۆرەن:
1. د. میران محەمەد ، لێپرسراوی مەکتەبی رێکخراوەکان دەگۆڕدرێت و لە جیاتی ئەو جووتیار نووری دەکرێتە بەرپرسی مەکتەبەکە.
2. سۆران جەمال تاهیر، لێپرسراوی مهكتهبی پهیوهندییهكان لادەبردرێت و شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ جێگەی دەگرێتەوە.
3. شاڵاو عەلی عەسكەری، لێپرسراوی مەكتەبی رێكخستن لادەبرێت و سەرکەوت زەکی جێگەی دەگرێتەوە.
4.ئاسۆ مامەند، لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردن، دەگۆڕدرێت و رزگار حاجی حەمە جێگەی دەگرێتەوە.
بەپێی هەیکەلی یەکێتی بەرپرسانی مەکتەبەکان راستەوخۆ دەشبنە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی.
ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە