بەپەلە ... جێگری وەزیری بەرگری ئێران لە سێدارەدرا
پەیامی کورد ... جێگری وەزیری بەرگری ئێران لە سێدارەدرا
به‌یانی ئه‌مڕۆ شەممە عەلی ڕەزا ئەکبەری، جێگری وەزیری پێشووی بەرگری ئێران كه تۆمەتباربوو بە "سیخوڕی‌کردن بۆ بەریتانیا" له سێداره‌درا.
به‌پێی ئاژانسی هه‌واڵی میدیاکانی ئێرانی، دوای چەند مانگێک لە دەست بەسەرکردنی به‌یانی ئه‌مڕۆ شه‌ممه عەلی ڕەزا ئەکبەری کە یەکێک بوو لە بریکارە گرینگەکانی خزمەتگوزاری سیخوڕی بەریتانیا له سێداره‌درا.
عەلی رەزا ئەکبەری له نێوان ساڵانی 1997 بۆ 2002 جێگری وەزیری بەرگری ئێران بوه، هاوكات یه‌كێك بووه له كه‌سه نزیكه‌كانی عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران.
ئاژانسه ئێرانیه‌كه نووسیویه‌تی، لە ساڵی 2018دا عەلی ڕەزا ئەکبەری بە تۆمەتی سیخوڕی‌کردن لە دژی حكوومه‌تی ئێران دەستگیرکرا، لەسەر ئه‌و بنه‌مایه‌ش دوای ئه‌وه‌ی دۆسیه‌كه‌ی چوه‌ته دادگا و دانیشتنەکان بە ئامادەبوونی پارێزەری تۆمەتبار بەڕێوەچوون، بە پشت بەستن بە "بەڵگەنامە ڕەواکان"ی ناو دۆسیەکە، سزای له‌سێداره‌دانی بۆ ده‌رچوو، ئه‌وه‌ش بەهۆی تاوانی سیخوڕی بۆ ئینگلتەرا.
دوابەدوای ناڕەزایی تۆمەتبار و تانەدانەکەی، لە دادگای باڵادا دووبارە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە کرا و وێڕای ڕەتکردنەوەی تانەدانەکە، دادگای باڵای ئێران بڕیاری سەرەتایی و سزای لەسێدارەدانی ئەکبەری پشتڕاستکردەوە.
عەلی ڕەزا ئەکبەری ته‌مه‌ن ٦١ ساڵان خاوەنی ئەزموونی ٧٠ مانگەی كاركردنی لە وه‌زاره‌تی به‌رگری هه‌یه و جێگری پێشووتری بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی وەزارەتی بەرگری بوه، هاوكات له سکرتاریەتی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی كاریكردوه، هه‌روه‌ها راوێژکاری پێشووی فەرماندەی هێزی دەریایی بوه و سەرۆکی پێشووتری بەشی لێکۆڵینەوە بوه لە وەزارەتی بەرگری و چه‌ندین پۆستی دیكه‌ی پێ سپێردراوه.
عەلی ڕەزا ئەکبەری هه‌روه‌ها له سەنتەری توێژینەوەی ستراتیژی سەرۆکایەتی كاریكردوه، ناوبراو درووستکەری دیپلۆماسی بەرگری ووڵاتەکەیە و کاتێک لە ساڵی 2018دا خانەنشین بوه، دوو کۆمپانیای تایبەت بە توێژینەوە و ئابووری دامەزراندوه.
میدیاكانی ئێران ده‌ڵێن، "ئەو کە توانای شیکاری هەم لە ڕووی فیکری و هەم لە ڕوی زارەکییەوە هەبوو، بەهۆی تۆماری کارەکانی و دەستڕاگەیشتن بە زانیارییە نهێنییەکانی لەلایەن دەزگای هەواڵگری بەریتانیا MI6 سەرنجی خراوه‌ته‌سه‌ر".
سێ رۆژ له‌مه‌وبه‌ر مەریەم هاوسه‌ری عەلی رەزا ئەکبەری رایگه‌یاندبوو، كۆماری ئیسلامی ئێران ئامادەکاری بۆ لەسێدارەدانی عەلی ڕەزا دەکات، گوێزراوەتەوە بۆ زیندانی تاکەکەسی کە ئەوەش ئاماژەیەکە بۆ لەسێدارەدانی.
١١ی ئه‌م مانگه‌ش، جەیمس کلیڤەرلی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە تویتێکدا له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی نووسیوبووی ، "پێویستە ئێران لەسێدارەدانی عەلی ڕەزا ئەکبەری هاووڵاتی بەریتانی- ئێرانی رابگرێت و دەستبەجێ ئازادی بکات"، به‌ڵام ئێران داواكه‌ی په‌سه‌ند نه‌كرد و به‌یانی ئه‌مڕۆش له سێداره‌یدا.
ئەم بابەتە 11987 جار خوێندراوەتەوە