بەپەلە ... دۆخی نێوان تاڵەبانی و جەنگی تا دێت ئاڵۆزتر و مەترسیدارتر دەبێت
کێشەی نێوان بنەماڵەی تاڵەبانی و جەنگی گەیشتە ئەو قۆناغە نوێیەی کە مەترسی لە درووستبوونی هەبوونی .. قۆناغێک کە ئیتر پێدەچێت هەنگاوەکان خێراتر بکات و دۆخەکە بخاتە بەردەم مەترسییەکی زیاترەوە. ئامۆزایەک دەستی بە گرتن و کوشتنی کەسە نزیکەکانی ئەوی تر کردوەو ئەویش هەڕەشەی سازکردنی دۆزەخ دەکات بۆ نەیارەکانی ، یەکێتی لیستێک لەکەسە نزیکەکانی لاهوور شێخ جەنگی درو ستدهكات بۆ دهستگیركردنیان.
پاش زیاتر لەچوار مانگ و ٢٠ ڕۆژی تەواو، دۆخی نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهوور شێخ جەنگی بەجۆرێک ئاڵۆز بوە کە لەو ماوەیەدا هەموان مەترسییان هەبوە بگاتە ئەو ئاستە.
لەگۆڕینی دوو بەرپرسی ئەمنی و سەربازییەوە کار گەیشتۆتە ئەوەی تەسفیەو کوشتنو گرتنی کەسە نزیکەکانی یەکتر دەستیپێکردوەو یەکێکیان هەڕەشەی سازکردنی دۆزەخ لەوی تر دەکاتو ئەوی تریان بەکردەیی دۆزەخەکەی سازکردوە بۆی.
ئێستاو دوای ئەو ماوەیە، بافڵ تاڵەبانی ڕێپێدراوی سەرکردایەتی و مەکتەب سیاسییە بۆ هەر گۆڕانکاری و بڕیارو کردارێک کە لەنێو حزبەکەیدا مەبەستی بێت ئەنجامی بدات.
لەپێنج مانگی ڕابردوودا چەندین جمووجوڵ و بەیاننامە و ڕاگەێندراو و کردەی سیاسی و سەربازی دژی یەکتر ئەنجامدراون و وێڕای ئەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی هیچ کۆبوونەوەیەکی گشتی ئەنجامنەداوەو تاڕادەیەک خۆی لەکێشەکان بەدورگرتوەو هەندێک لەبەرپرسانی سیاسیو سەربازی حزبەکەش ڕایانگەیاندوە کێشەی نێوان هاوسەرۆکانی حزبەکە کێشەی خێزانیو شەخسییەو ئەوان ناتوانن هیچی تیابکەن، بەڵام ڕۆژ بەڕۆژ کاریگەری کێشەو ململانێو گۆڕانکاریەکان لەسەر جەستەی حزبەکە بەدەرکەوتوەو چاودێران پێیانوایە، ئێستا زیاد لە هەمووکات یەکێتی لەدۆخێکی هەستیارو پڕ لەئاڵۆزیدایە کە بەدرێژایی مێژوو ئەو دۆخەی بەخۆیەوە نەدیوە.
کادرانو بەشێکی زۆر لەبەرپرسانی یەکێتیش نیگەرانو ناڕازین لەدۆخی حزبەکەیانو توانای چاککردنیشیان نییە، چوونکە کێشەکە لەهەرەمی سەری سەرەوەی حزبەکەیانەو ئەمان تەنها بینەریی ڕوداوەکانو جێبەجێکاری بڕیارە نوێکانی حزبەکەیاننو هیچی تر.
لەکۆتا جمووجوڵەکانی هێزە ئەمنیەکانی یەکێتیدا بۆسەر لاهوو جەنگی و دەورووبەرەکەیدا بەشێک لەکەسە نزیکەکانی خودی لاهوور شێخ جەنگی دەستگیرکراون کە کاروان عەلی شاماری سکرتێری لاهوور شێخ جەنگیو بەشێک لەهاوڕێ نزیکەکانی تێدایەو تۆمەتی هاندان بۆ خۆپیشاندانو نانەوەی پشێویی لەنێو خۆپیشاندانی خوێندکارانیان دراوەتە پاڵو تائێستا هیچ هەواڵێک لەسەر چارەنووسیان دیارنییە.
لەدوای دەستگیرکردنی کەسە نزیکەکانی، لاهوور شێخ جەنگی پەیامێکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، هۆشدارییەکی هەڤاڵانە دەدەمە بڕیار بەدەستانی یەکێتی کە بەکارهێنانی هێز ژیانی خۆیانو کەس وکاریان دەخاتە مەترسییەوە، ئەم قسەیەی لاهوور شێخ جەنگی وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ لێکدرایەوە بۆ حزبەکەییو وەک ئاماژەیەک بۆ بوونی مەترسی بەریەککەوتن لێکدرایەوە.
هەرواش دەرچوو، دوای کەمتر لە24 کاتژمێر لە درەنگانێکی ئێوارەدا هەواڵی کوشتنی عەقید موراد کانی کوردەیی، یەکێک لەکەسە سەربازییە زۆر نزیکەکانی لاهوور شێخ جەنگیو پاسەوانەکانی بڵاوبوەوەو کێشەو ململانێکان پێیان نایە قۆناغە نوێکەوە کە هاوڵاتیانی کوردستانو لایەنگرانو دۆستانی یەکێتی لەماوەی پێنج مانگی ڕابردودا لێی دەترسان ڕووبدات.
دۆخێکی پر مەترسیو دڵەڕاوکێ باڵی کێشا بەسەر تەواوی کوردستاندا، هەموان لەچاوەڕوانی کاردانەوەکانی لالەزارو دەباشان دابوون بۆ ڕووداوەکان.
پاش تێپەرینی ٢٤ کاتژمێر یەکێتیەکان و هاووڵاتیانی کوردستانیش، سەرەنجام لاهوور شێخ جەنگی بە پەیامێکی ڤیدیۆیی بەدەنگ هات و هەڕەشەی سازدانی دۆزەخی بۆ نەیارەکانی کردو ووتی:"ئاگر لەسەر پشتی پلانداڕێژەرانو ئەنجامدەرانی تاوانەکە دەکەینەوە ئەگەر بەیاساو بە زوویی بکەرانی ڕادەستی دادگا نەکرێن".
ئەم پەیامەی لاهوور شێخ جەنگی هەرچەندە بەشێکی چاودێران و هاووڵاتیانو خودی یەکێتیەکانیش بەلاوازو درەنگ وەخت ناوی دەبەن، پێشیانوایە ڕاگەیاندنی شکستی خۆیەتیو لەوپەڕی بێدەسەڵاتیو بێ پشتیوانییەوە قسەدەکاتو هیچ هیوایەکی بەداهاتوی خۆی نەماوە، چونکە بەشێک لەکەسە نزیکەکانی دەستگیرکراونو نزیکترین کەسی سەربازیش لێیەوە کوژراوەو پێدەچێت ئیدی وردە وردە کورد وتەنی باڵەکانی بشکێنرێنو توانای هیچ کارو کاردانەوەیەکی نەمێنێت.
لەدوای کوژرانی عەقید موراد کانی کوردەیی و پاسەوانەکانیەوە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم ڕاگەێندراوێکی بڵاوکردوەوەو شەرعییەتی بەکارەکەداو کوژراوەکانی وەک تاوانباری هەڵهاتوو ناوهێنا، لەهەمان بەیاننامەشدا باس لەوەکرابوو، دەزگا ئەمنیەکان بەردەوامن لەبەدواداچوونو دەستگیرکردنی هەموو ئەوانەی پەیوەستن بەو تاوانەوە کە دراوەتە پاڵ موراد کانی کوردەیی، لەکاتێکدا هیچ تاوانێک ئاشکرانەکراوەو کەس نازانێت لەسەرچی کوژراوە تا بزانرێت کێی تر هاوبەشی تاوانەکەیە وەک ئەوە ئەنجوومەنی ئاسایش ئاماژەی پێکردوە.
ڕەنگە ئەم قسەیەی ئەنجوومەنی ئاسایش بەڵگەیەکی بێ چەندو چوونی ئەوەبێت کە لەڕۆژانی داهاتودا ڕوداوگەلێکی تر دەبینریێنو تەنها بەکوشتنو گرتنی ئەوکەسانە کۆتایی نایەت کە تائێستا کراوە.
بەپێی زانیاریەکانی یەکێتی لیستێکی لەکەسە نزیکەکانی لاهوور شێخ جەنگی درووستکردوەو باس لەدەستگیرکرنیان دەکرێت بەچەند قۆناغێکو لەڕۆژانی داهاتودا دەستدەکرێت بەئەنجامدانی کاری ئەو گرووپ و هێزانەی ڕاسپێردراون بۆ ئەوکارە.
هەر زوو لەنێو تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی و بەشێک لەچاودێرانی دۆخەکەدا ئەوە باسکرا کە ئیدی لاهوور شیخ جەنگی هیچ ڕێگەیەکی لەبەردەمدا نەماوەو ڕەنگە لەهەرساتێکدا هێزێک بچێتەسەر ماڵەکەی، یان دەستگیری بکەن یان شەڕێکی دەستەویەخە ڕووبدات و ئارامی ناوچەکە بخاتە ژێر هەڕەشەیەکی گەورەوە.
ئێستا زیاد لە هەمووکات چاوەکان لەسەر دۆخەکەنو ئەگەرەکانی ڕودانی تەقینەوەی سەربازی و ئەمنیش لەهەر کاتێکی تر زیاترەو هەموان لەچاوەڕوانی ئەوەدان ئاخۆ بەهێمنی دۆخەکە دەمێنێتەوە یان گرژییەکان زیاتردەبنو دەبنە کردەی سەربازی ، ئەگەر ببێتە کردەی سەربازی ئەنجامەکانی چی دەبن؟ ڕەنگە ڕۆژانی داهاتوو هەموو ئەو چاوانەی لەسەر لالەزارو دەباشانن بینەری ڕووداوەکان بن و ئیدی بابەتەکە بەرەو کۆتایی هەنگاو بنێت
ئەم بابەتە 11991 جار خوێندراوەتەوە