بەپەلە ... فەرماندەیەکی پلە باڵای یەکیتی بە هۆی پاڵپشتی لە لاهوور جەنگییەوە پلە و پۆستەکەی نزم دەکرێتەوە

پەیامی کورد      ...     فەرماندەیەکی پلە باڵای یەکیتی بە هۆی پاڵپشتی لە لاهوور جەنگییەوە پلە و پۆستەکەی نزم دەکرێتەوە

بنەماڵەی عەلی شامار فەرماندەی دێرینی یەکیتی نیشتمانی کوردستان ڕایدەگەێنێت، "ڕێبواری برامان کە لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لەسەر لیوای سکرتاریەت لە دەباشان بەوپەری دڵسۆزییەوە لەئەرکەکەیدا خزمەتی زۆری پێشکەشکردوە، بەڵام لەبەرئەوەی پشتیوانی حەق دەکات‌و خەمی یەکیتی یەتی تا ئەم حزبە لەوە زیاتر بچووک نەکەنەوەو لەلێکترازان بیپارێزن، هاتوون سزای دەدەن".
لەڕوونکردنەوەكه‌ى خانەوادەی عەلی شاماردا هاتوە "وادیارە لەدوای ڕووداوەکانی 8ى تەمووزەوە بەزەبری چەک کۆمەڵە مافیایەک دەیانەوێت دەستبەسەر سەروەت‌و سامانی ئەم حزبەدا بگرن‌و ئەوەی نەچێتە ژێر فەرمانەکانیانەوە مووچەی دەبڕن‌و سزای دەدەن".
ئه‌وه‌ش هاتوه‌، "ڕێبواری برامان کە لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لەسەر لیوای سکرتاریەت لەدەباشان بەوپەری دڵسۆزییەوە لەئەرکەکەیدا خزمەتی زۆری پێشکەشکردوەو خۆشیان شاهیدی بۆ دەدەن کە لەکات‌و ساتە هەستیارەکان چ ئەرکێکی قورسیان پێ سپاردوە، بەڵام ئەمڕۆ لەبەرئەوەی پشتیوانی حەق دەکات‌و خەمی یەکیەتی تا ئەم حزبە لەوە زیاتر بچووک نەکەنەوەو لەلێکترازان بیپارێزن، هاتوون سزای دەدەن‌و بەبێ خواستی خۆیی و بەهیچ هۆکارێک فەرمانی گواستنەوەی بۆ دەردەکەن".
دەقی ڕوونکردنەوەکە:
لەوە زیاتر شکۆی یەکیتی  و ماڵی مام مەشکێنن!
لە دوای رووداوەکانی ٨ی تەمووز ئێمەی کورانی فەرماندە و پێشمەرگەی مەفرەزە سەرەتاییەکانی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان (عەلی شامار) و ژنە سەرکردە خاتوو ( وەسفیە بەنی وەیس)، هەر گیز ئامادەنەبووین لە پێناو پول و پارە هەڵوێستی خۆمان هەراج بکەین، پەروەردەی دەستی ژن و پیاوێکین کە هەموو یەکێتییە دڵسۆزەکان و کەس و کاری شەهیدان گەواهی ئەوەمان بۆ دەدەن کە هەموو هەوڵ و هەنگاوێکمان بۆ پاراستنی یەکێتیی بوە، ئێمە پارێزەری راستەقینەی یەکێتیین و یەکێتیی بە هی خۆمان دەزانین، بەڵام وادیارە لە دوای رووداوەکانی ٨ تەمووزەوە بە زەبری چەک کۆمەڵە مافیایەک دەیانەوێت دەست بەسەر سەروەت و سامانی ئەم حزبەدا بگرن و ئەوەی نەچێتە ژێر فەرمانەکانیانەوە مووچەی دەبڕن و سزای دەدەن، ئاشکرایە کە هیچ شتێکی ئەم حزبەیان بەلاوە گرینگ نیە جگە لە خۆ دەوڵەمەند کردن و دەستگرتن بەسەر داهاتی ئەم حزبە، زیندووترین نموونەش هەڵبژاردنە کە کودەتاچیەکان بەلایانەوە گرینگ نیە حزبەکە چەند کورسی پەرلەمان بەدەست دەهێنێت، ئەمە لەکاتێکدا بەپێی هەموو سەرچاوەکان بەشی هەرە زۆری کەس و کاری شەهیدان و یەکێتییە دڵسۆزەکان بەم دۆخە رازینین و ئەگەر ئەم بارە لارەی بەسەر حزبەکەیاندا هێناوە راست نەکرێتەوە  ئامادەن تووندترین سزایان بدەن لەم هەڵبژاردنەدا.

رێبواری برامان کە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا لە سەر لیوای سکرتاریەت لە دەباشان بەو پەری دڵسۆزییەوە لە ئەرکەکەیدا خزمەتی زۆری پێشکەش کردوە و خۆشیان شاهیدی بۆ دەدەن کە لە کات و ساتە هەستیارەکان چ ئەرکێکی قورسیان پێ سپاردوە، بەڵام ئەمرۆ لەبەر ئەوەی پشتیوانی حەق دەکات  و خەمی یەکێتییەتی تا ئەم حزبە لەوە زیاتر بچووک نەکەنەوە و لە لێکترازان بیپارێزن، هاتوون سزای دەدەن و بە بێ خواستی خۆی و بە هیچ هۆکارێک فەرمانی گواستنەوەی بۆ دەردەکەن.

لەکۆتاییدا ئامۆژگاریی هەموو ئەو هەڤاڵانە دەکەین کە دەستیانداوەتە ئەم جۆرە لە سزادانانە واز بهێنن و یەکێتیی بەرەو هەڵدێر و لەناوچوون نەبەن و چیتر دڵی ئەندام و کادر و کەس و کاری شەهیدان و تێکۆشەران نەرەنجێنن، چونکە مێژوو رەحمتان پێناکات و وەک پەڵەیەکی رەشی نەگریس لە لاپەرەکانی مێژوودا بۆتان تۆمار دەکرێت.


ئەم بابەتە 11992 جار خوێندراوەتەوە