بەڕێوبەرایەتى هاتووچۆی هەولێر ڕوونکردنەوەیەک بڵاو دەکاتەوە
پەیامی کورد ... بەڕێوبەرایەتى هاتووچۆی هەولێر ڕوونکردنەوەیەک بڵاو دەکاتەوە
شەوی پێنج شەممە گرتەی ڤیدیۆیی ڕووداوێکی هاتووچۆ بڵاوبویەوە کە تیایدا دەردەکەوێت لەبەردەم گوندی ئیتالی دوو لەسەر شەقامی ١٢٠مەتری لە هەولێر ئۆتۆمبێلێکى جۆری لاندکرۆزەری حکوومەت خۆی دەکێشێت بە ئۆتۆمبێلێکى دیکەدا کە وا دەردەکەوێت شۆفێرەکەى ئەم کارەی بە مەبەست کردبێت.
لەوبارەیەوە بەڕێوبەرایەتى هاتووچۆی هەولێر روونکردنەوەیەکى بڵاوکردوەتەوەو رایگەیاندوە" رووداوەکە لەنێوان لاندکرۆزێکی ڕەنگ ڕەش ژمارە " شارەوانی " حکوومی بوو لەگەڵ ٥ ئوتومبێلی دیکە. لە گرتەکە دیاربوو کە شوفێری ئوتومبێلە لاندکرۆزە حکوومیەکە بەتەواوی ئوتومبێلەکەی لەژێر کۆنترۆل دەرچوو بوو، ئەمەش ببووە هۆی ئەوەی کە بەشێوەیەکی نائاسایی ڕەفتار بکات".
ئاماژەى بەوەشکردوە کە دوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەکە لەسەر فەرمانی ڕاستەوخۆی وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەست بەلێکۆلینەوە کرا. ئەنجامە بەراییەکان دەریانخست کە ڕووداوەکە لەدەروازەی گوندی ئیتالی دوو روویداوە کاتێک کە لاندکرۆزە حکوومیەکە ویستوویەتی بچێتە ناو گوندی ئیتالی دوو، وە ژمارەیەک ئوتومبێل لە پێش و پشتی هەبووە و لە ئەنجامی ئەوەی کە شوفێرەکە کۆنترۆلی بەسەر ئۆتۆمبێلەکەی نەماوە تووشی پێکدادان بوە لەگەڵ ئوتومبێلەکان، وە لە ڕووداوەکە جگە لە زیانی ماددی کە بە ئۆتۆمبێلەکان کەوتووە، سوپاس بۆ خودا هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتۆتەوە.
هەروەها بەڕێوبەرایەتیەکە ئەوەشى روونکردوەتەوە کە هەموو لایەنەکانی ناو ڕووداوەکە لەنێوان خۆیان پێکهاتوون وەسکاڵایان دژی یەکتری تۆمارنەکردووە.
لە روونکردنەوەکەشدا هاتووە، ئەوەی پەیوەندی بە مافی حکوومەتەوە هەیە، بە فەرمانی وەزیری ناوخۆ دەست بەسەر ئوتومبێلە حکوومیەکە داگیراوە و ڕەوانەی گەراجی دەست بەسەر داگرتنی هاتووچۆی هەولێر کراوە و لێکۆلینەوەش بۆ زانینی راستییەکان لەگەڵ شوفێرەکە دەستیپێکردوە.
ئەم بابەتە 11991 جار خوێندراوەتەوە