بەڕێوبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر ڕوونکردنەوەیەکی گرینگ لە قازانجی هاووڵاتیان بڵاو دەکاتەوە
پەیامی کورد ... بەڕێوبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر ڕوونکردنەوەیەکی گرینگ لە قازانجی هاووڵاتیان بڵاو دەکاتەوە
بەڕێوبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر رایگەیاند، گرێبەستی ئەلیکترۆنی چەندین کێشەی نێوان فرۆشیار، کڕیار و کۆمپانیاکان چارەسەر دەکات و "بەهیچ شێوەیەک کۆمپانیای ئەهلی بەشدار نیە لەڕێکخستنی و بەڕێوەبردنیدا"، چوونکە ناوەڕۆکی گرێبەستە لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
بەڕێوبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر لە روونکردنەوەیەکدا باسی لەوەشكردوە، بەپێی ڕێنمایی ژمارە ٣ی ساڵی ٢٠٢١ دەبێت گرێبەستی ئەلکترۆنی پەیڕەو بکرێت لەکاتی کڕین وفرۆشتنی ئوتومبێل وماتۆرسکیل، سوودی ئەم گرێبەستەش ئەوەیە ڕۆژانە بەدەیان کەس سەردانی هاتووچۆ دەکەن و سکاڵای ئەوە دەکەن کە ئەوان ئوتومبێلیان کڕیوە لەکەسێک وەپارەیان داوە وگرێبەستیان نووسیوە، بەڵام خاوەنی ئوتومبێلەکە ئامادە نابێت پەنجە مۆریان بۆ بکات، لەهاتووچۆش هیچیان بۆناکرێت لەدادگاش پاش ماوەیەکی دوورودرێژ، ئینجا بڕیار نادرێت بەگۆڕینی موڵکیەت، گرێبەستی ئەلێکترۆنی ئەو کێشەیە چارەسەر دەکات.
ئاماژە بەوەشکراوە، "خەڵکانێکی زۆر کەبەنیازی گەشتن یان قەرزدارن و نیازی خۆشاردنەوەیان هەیە و ئۆتۆمبێل بەهاووڵاتیان دەفرۆشن بە (وکالە)، ئەو (وکالە)یە زۆر جار ساختە دەکرێت هاوشێوەی گرێبەستی ئاسایی مەعرەزەکان ،بەمەش هاووڵاتی کڕیار خۆی دەبینێتەوە کەوا ئۆتۆمبێلێکی کڕیوە بەبێ ئەوەی هیچ ئەگەرێک هەبێت بۆئەوەی بتوانێت مۆڵکیەتی بخاتە سەر ناوی خۆی،بەمەش تووشی کێشە دەبێت، بەڵام گرێبەستی ئەلێکترۆنی ڕۆلی وەکالە ناهێلێت و ڕێگر دەبێت لەدرووستبوونی ئەو کێشەیە.
بەڕێوبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر ئەوەشی خستوەتەڕوو، ئەگەر کەسێک ئۆتۆمبێلەکەی بفرۆشێت بەگرێبەستی ئاسایی و بەر لەبەناوکردن کەسی فرۆشیار بمرێت، ئەوە ئۆتۆمبێلەکە بەناوی کڕیار ناکرێت،وە ئەگەر وەکالەشی بۆکرابێت وەکالەکە نایخوات و کۆتایی پێ دێت، بەڵام گرێبەستی ئەلکترۆنی بکرێت ولەفەرمانگەی یاسایی هاتووچۆ پشتراست بکرێتەوە و لەماوەی دیاریکراوی خۆی پێشکەش بکرێت، مافی میراتگرەکانی مردوەکەی بەسەر نامێنێت کەئیستا ئەوکێشەیە زۆر باوە، هەروەها کۆمپانیاکان ئۆتۆمبێلی بەکارهاتوو بەکارنەهاتوو هاوردە دەکەن وەهەندێکیان وەکوو" ئیستیغلال کردن ئۆتۆمبێلی لێدراو بەدەر لەڕێنماییەکان هاوردە دەکەن و بەهاووڵاتیانی دەفرۆشنەوە و لەگرێبەستی خۆیان، خاوەنی کۆمپانیاکان ناچار ناکرێن بەوەرگرتنەوەی ئوتومبێلەکان ئەگەر هەر عەیبێکی شاراوەیان هەبێت(عیووب خفیە)،بەڵام لەگرێبەستی ئەلکترۆنی کۆمپانیاکان ناچار دەکات بەقەرەبوو و وەرگرتنەوەی ئوتومبێلەکان ".
ئەوەش خراوەتەڕوو، گرێبەستی ئەلێکترۆنی گرێبەستێکی باوەڕپێکراوە و سنوری بۆدیاری کراوە کەمانگێکە بۆئۆتۆمبێلی بەکارهاتوو و تۆمارکراو، وە ماوەی ٦٠ ڕۆژە بۆئۆتۆمبێلی بەکارهاتو یان بەکارنەهاتوی تۆمارنەکراو، هەروەها ئەو گرێبەستە وبڕگەو بابەتەکانی بەتەواوی لەژێر کۆنترۆڵی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و "بەهیچ شێوەیەک کۆمپانیای ئەهلی بەشدار نیە نەلەڕێکخستنی و نەلەبەڕێوەبردنی ،وەهیچ مافێکی کەسی بەسەرەوە نیە."
ئەم بابەتە 11998 جار خوێندراوەتەوە