بەڕێوبەری پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران پەیامێک دەربارەی ڕادەستی کردن و ئاڵۆگۆڕکردنی زیندانیانی هەر دوولا بڵاو دەکاتەوە
پەیامی کورد ... بەڕێوبەری پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران پەیامێک دەربارەی ڕادەستی کردن و ئاڵۆگۆڕکردنی زیندانیانی هەر دوولا بڵاو دەکاتەوە
بەڕێوبەری پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران رایگەیاند، تا ئێستا ١٣٥ زیندانی ووڵاتی ئێرانیان رادەستی ئەو وڵاتە کردووەتەوە و ٢٥ زیندانییش ماون، کە ئەوانیش رادەست دەکەنەوە. دەشڵێ: "لە ئێرانیش ھەر زیندانییەکی ھەرێم ھەبێت، رادەستی ئێمەی دەکەنەوە".
عەبدۆڵڵا ئاکرەیی، ڕایگەیاند : "لە بەردەوامی گەڕاندنەوەی زیندانییەکانی ووڵاتی ئێران لە ھەرێمی کوردستانەوە بۆ ئەو ووڵاتە، کە بەپێی رێککەوتنێک لە نێوان عێراق و ئێران ئەنجام دراوە، تا ئێستا سێ وەجبە نێردراونەتەوە، ئەویش پێویستە زیندانی چەند مەرجێکی تێدا بێت، کە حوکمی قەتعی زیندانی ھەبێت و ھیچ کەسێک سکاڵای لەسەر نەکردبێت، هەروەها زیندانی سیاسی نەبێت و پێویستە بە رەزامەندی خۆی بگەڕێتەوە بۆ زیندانەکانی ئێران، بۆیە وەجبەی سێیەم ١٠ زیندانی ئەو مەرجانەیان تێدا بوو بۆ ئەوەی رادەستی ئێرانیان بکەین و بە ئامادەبوونی بەرپرسانی ھەرێم و ئێران لە ھەرێمی کوردستان و لەسەر سنووریش بە ئامادەبوونی جێگری وەزیری داد و چوار دادوەری ئێرانی، زیندانییەکان رادەست کران".
بەڕێوبەری پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران ووتیشی: "بە شێوەیەکی زۆر رێکوپێک زیندانییەکان رادەستی ئێران کرانەوە و ئەوانیش باسیان لەوە کرد کە ھەندێک زیندانی ئێوەش لای ئێمە ھەن و ئێمە لێمان پرسیون باسیان لەوە کردووە، کە پەناھەندەن و ماڵیان لە ئێرانە و ناگەڕێنەوە بۆ کوردستان لەسەر داواکاری خۆیان، هەروەها بەشێکی دیکەش ھەن لێیان دەکۆڵینەوە ئەگەر خەڵکی ھەرێمی کوردستان بن، ئامادەین بیانگەڕێنینەوە بۆ ھەرێمی کوردستان و رادەستی ئێوەیان بکەین".
ئاکرەیی ڕوونیشی کردەوە: "٢٥ زیندانی دیکە ماون لە ھەرێم، کە حوکمی کۆتاییان لێ درا، ئەوانیش رادەست دەکەینەوە، کە وەجبەی یەکەم ٩٠ زیندانی بوون و وەجبەی دووەم ٣٥ کەس بوون و هی سێیەمیش ١٠ زیندانی بوون، بۆیە بەردەوام دەبین تا سەرجەمیان رادەست دەکەینەوە و ھەرچی زیندانی ئێمەش لەوێ ھەبن، رادەستی ئێمە دەکرێنەوە".
ئەم بابەتە 11986 جار خوێندراوەتەوە