بەڕێوبەری گشتی چاکسازییەکانی ھەرێمی کوردستان : ٤٠٠ زیندانی ئالوودەی ماددە ھۆشبەرەکانمان چارەسەر کردووە

پەیامی کورد    ...   بەڕێوبەری گشتی چاکسازییەکانی ھەرێمی کوردستان : ٤٠٠ زیندانی ئالوودەی ماددە ھۆشبەرەکانمان چارەسەر کردووە

بەڕێوبەری گشتی چاکسازییەکانی ھەرێمی کوردستان دەڵێ، توانیومانە ٥٠٠ کەس لەوانەی ماددەی ھۆشبەریان بەکار دەھێنا، بخەینە سەنتەری چارەسەرکردن و ٤٠٠ کەسیان چارەسەر کراون.

ئیحسان بابان، بەڕێوبەری گشتی چاکسازییەکان، ڕایگەیاند، لە ‌ھەرێمی کوردستان ھەزار و ٥١٦ کەس بە ماددەی جیاواز حوکم دراون و لەناو چاکسازییەکاندا حوکمەکانیان بەسەر دەبەن، پشکی شێری زیندانیانیش لەسەر بەکارھێنان و بازرگانیکردن بە ‌ماددەی ھۆشبەر حوکم دراون، ئەمەش ڕێژەیەکی مەترسیدارە بۆ ھەرێمی کوردستان ئەو ژمارە زۆرەی بەکارھێنەر و بازرگانی ماددەی ھۆشبەر.

بەڕێوبەری گشتی چاکسازییەکان ووتیشی،  لەو ٨٠٠ کەسەی بەھۆی ماددەی ھۆشبەرەوە حوکم دراون ٥٠٠ لەوانە بەکارھێنەری ماددەی ھۆشبەرن، ئێمە لەسەر ئەرکی خۆمان وەک چاکسازییەکان سەنتەری چارەسەرمان کردووەتەوە و لە ‌کۆی ئەو ٥٠٠ کەسە توانیومانە ٤٠٠ لەوانە ڕزگار بکەین لە بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر.

بابان ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەو کەسانەی ماددەی ھۆشبەر بەکاردێنن و لە چاکسازییەکانن، ھەموو پێداویستییەکیان بۆ دابین دەکەین و لە سەنتەری تایبەت بە چاکسازییەکان پسپۆرمان دابین کردووە بۆ ئەوەی بەکارھێنەران بگەڕێنینەوە بۆ ڕەوشی پێشوویان و دەست لە بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر ھەڵگرن بە یەکجاری، چونکە بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر زیانی گەورەی بۆ مرۆڤ و کۆمەڵگە ھەیە.


ئەم بابەتە 41 جار خوێندراوەتەوە