بەیاننامەی هاوبەش لەسەر نوێکردنەوەی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی بەرگری ئەمریکا و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە

پەیامی کورد   ...  بەیاننامەی هاوبەش لەسەر نوێکردنەوەی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی بەرگری ئەمریکا و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە

لە ڕێکەوتی ٢١ ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، سیلێست واڵاندەر، یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمریکا و شۆڕش ئیسماعیل عەبدوڵڵا، وەزیری کاروباری پێشمەرگە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان واژووی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نوێکراوەی نێوان وەزارەتی بەرگری ئەمریکا و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەیان کرد بۆ بەردەوامیدان بە پشتیوانیکردنی پێشمەرگە لە ئۆپراسیۆنەکانی تێکشکاندنی داعشدا.

ئەم یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنە کە بۆ یەکەمجار لە سالی ٢٠١٦دا واژۆ کرا، ڕەنگدانەوەی هەماهەنگی دوورمەودای نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و خەڵکی هەرێمی کوردستانی عێراق و هەروەها پابەندی هاوبەشیشیانە بۆ تێکشکاندنی یەکجارەکی داعش.

لە ڕێی ئەم لێکتێگەیشتنەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پابەندیی خۆی بۆ پشتیوانیکردنی ڕۆڵ و بەشداری هێزەکانی پێشمەرگە دووپات دەکاتەوە لە ئۆپراسیۆنه‌کانی تێکشکاندنی داعش  دا وەک پێکهاتەیەکی هێزە ئەمنییەکانی عێراق.

یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکە هەم دەستنیشانی ئەو بەرەوپێش چوونانە دەکات کە لە بواری چاکسازی بنەڕەتی دامەزراوەکاندا بە دەست هاتوون و هەمیش پابەندی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە بۆ ئەنجامدانی چاکسازی زیاتر بە ئامانجی زیاتر پرۆفێشناڵکردنی هێزەکانی لەخۆدەگرێت.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا شانبەشانی خەڵکی عێراق لە ناویشیاندا خەڵکی هەرێمی کوردستان دەوەستێت لە کاتێکدا عێراقێکی بەهێز و سەقامگیر و خاوەن سەروەری بنیاد دەنێن.

بۆنەی واژووکردنی یاداشتنامەکە لەژێر چاودێری سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە و بە ئامادەبوونی سەرۆک وەزیران مەسروور بارزانی و جێگری سەرۆک وەزیران قوباد تاڵەبانی ئەنجامدرا کە جەختکردنەوەی پابەندیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بە هەماهەنگی بەردەوامی ئەمنی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکادا لە چوارچێوەی دەستووری عێراق و پرۆگرامی چاکسازی پێشمەرگەدا.


ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە