بە ئامادبوونی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان قۆناغی یەکەمی شەقامی ١٥٠ مەتری شاری ھەولێر دەکرێتەوە

پەیامی کورد    ...    بە ئامادبوونی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان قۆناغی یەکەمی شەقامی ١٥٠ مەتری شاری ھەولێر دەکرێتەوە

ووتەبێژی شارەوانی ھەولێر گوتی، بڕیارە لەم مانگە قۆناغی یەکەمی شەقامی ١٥٠ مەتری شاری ھەولێر بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەت لە ڕێوڕەسمێکی تایبەت بکرێتەوە کە درێژییەکەی ٩کم دەبێت.

ووتەبێژی شارەوانی ھەولێر، سیامەند کەریم، ڕایگەیاند : "کۆمپانیا ئەمەی ئاگادار کردووەتەوە کە تا کۆتایی ئەم مانگە قۆناغی یەکەمی شەقامی ١٥٠ مەتری کە ٩کم لە جادەی بەحرکە تا شەقلاوە تەواو دەبێت و بە ڕووی شوفێران دەکرێتەوە".

ووتەبێژی شارەوانی ھەولێر ووتیشی: "ئێستا زیاتر لە٩٣ % شەقامەکە لەو قۆناغە تەواو بووە و بەشێکی کەمی ماوە تەواو بکرێت و دواتر بکرێتەوە".

سیامەند کەریم ڕوونیشی کردەوە: "بەشی یەکەمی شەقامی ١٥٠ مەتری لە مەراسیمێکی تایبەتدا بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مەسروور بارزانی دەکرێتەوە".

شەقامی ١٥٠ مەتریی بازنەییی خێرا لە ھەولێر، یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە جێبەجێ دەکرێت کە درێژییەکەی ٧٠ کیلۆمەترە و شەقامەکە بە شێوەیەکی بازنەییی خێرا کە ھیچ وەستانێکی تێدا نییە باوەش بە ھەولێردا دەکات و بە دەیان شەقامیش لەگەڵ ڕێگەی سەرەکیی دەروازەکانی شاری ھەولێر بەستراوەتەوە، ئەمەش درێژەپێدەری ئەو تۆڕە ڕێگەوبانە جاڵجاڵۆکەییەیە کە بووەتە بەشێک لە ناسنامەی نەخشەی شارەکە.

کۆی پڕۆژەکە بەسەر ٥ قۆناغدا دابەش بووە، قۆناغی یەکەم کە زیاتر لە ١٤٠ ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان کراوە، بە دوو بەش تەواو دەبێت، بەشی یەکەم، لە ڕێی شەقڵاوە بۆ ڕێی بەحرکە لە ٨ی ئەیلوولی ٢٠١٩ دەستی پێ کردووە کە درێژییەکەی ٩کمە.


ئەم بابەتە 12003 جار خوێندراوەتەوە