بە ئامادەبوونی " سەرۆککۆمار و سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکوومەت " دووهەم دیداری ئاشتی و ئارامی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە شاری دھۆک بەڕێوە دەچێت

پەیامی کورد      ...    بە ئامادەبوونی " سەرۆککۆمار و سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکوومەت " دووهەم دیداری ئاشتی و ئارامی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە شاری دھۆک بەڕێوە دەچێت

بڕیارە سبەی دووەم دیداری ئاشتی و ئارامی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە شاری دھۆک بەڕێوە بچێت و، رێکخەرێکی دیدارەکەش دەڵێ، لەسەر ئاستی باڵا بەرپرسانی ھەرێم و بەغدا بەشداری دیدارەکە دەکەن.

ھەڵمەت کێستەیی، لە راگەیاندنی زانکۆی ئەمریکی- دھۆک رایگەیاند، سبەی دووشەممە زانکۆی ئەمریکی- دھۆک دووەم دیداری خۆی لە ژێر ناوی  ئاشتی و ئارامی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، دەست پێدەکات و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت، لە رۆژی یەکەمدا ژمارەیەک کۆبوونەوەی داخراو بۆ تاووتوێکردنی ژمارەیەک بابەت بەڕێوە دەچن و رۆژی سێشەممە و چوارشەممەش بە ئامادەبوونی میوانانی دیدارەکە، تەوەرەکان دەخرێنە ڕوو.

بەرپرسەکەی راگەیاندنی زانکۆی ئەمریکی دەڵێت، سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و سەرۆککۆماری عێراق و چەندین بەرپرس و پسپۆڕ بەشداری دیداری ئەمساڵ دەکەن، چوونکە ئەمە دووەم دیدارە لە زانکۆی ئەمریکی- دھۆک بەڕێوە دەچێت.

کێستەیی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، رەوشی ھەرێمی کوردستان دوای شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعش و رەوشی عێراق و ھەرێمی کوردستان دوای ھەڵبژاردنەکان، لەلایەن بەرپرسانی عێراق و ھەرێمی کوردستانەوە دەبنە مژاری دیدارەکە و تاووتوێ دەکرێن.


ئەم بابەتە 11987 جار خوێندراوەتەوە