بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆ قائیمقامی نوێی سۆران دەستی بە کارەکانی کرد

پەیامی کورد     ...    بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆ قائیمقامی نوێی سۆران دەستی بە کارەکانی کرد

قایمقامی قەزای سۆران راگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە كاتژمێر ٣ی ئێوارە، بە ئامادەبوونی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و بەرپرسانی حكوومی و حزبیی دەڤەرەكە، وەكو قایمقامی نوێی سۆران دەستبەكار دەبن.

ھەڵگورد شێخ نەجیب، قایمقامی نوێی سۆران، رایگەیاند: "ئەوەی تا ئێستا لە شاری  سۆران ئەنجام دراوە، ھەوڵ دەدەین بیپارێزین، ھەروەھا ھەموو ئەو پڕۆژە خزمەتگوزاریانەی كە تەواو نەكراون، بەپێی توانا داراییەكانی حكوومەت، جێ بەجێ یان دەكەین، چوونكە خەڵكی ئەم دەڤەرە شایستەی زۆر لەوە زیاترن و پێویستە گرینگی زیاتر بە ناوچەكە بدرێت".

شێخ نەجیب روونیشی كردەوە: "ماوەی دوو مانگە ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر بە كۆی دەنگ بڕیاری دا من وەكوو قایمقامی نوێی سۆران دەستبەكار بم، بەڵام من ئیش وكارەكانی خۆم ھەر ئەنجام داوە لە بەشداریكردنی كۆبوونەوەكان و پلاندانان بۆ پڕۆژەكان و دەمێكە دەستمان كردووە بە خزمەتكردنی خەڵكی شاری سۆران".

ناوبراو دەشڵێت: "لە رووی ئیدارییەوە، پێشتر پلانمان بۆ كارەكانی فەرمانگەكان داناوە، كە ھەندێك گۆڕانكاری

 تێدا ئەنجام دەدەین بۆ ئاسانكاری زیاتری ھاونیشتیمانیان".

ئەو ھەروەھا جەختی لەوەش كردەوە: "رەزامەندیمان بۆ چەند پڕۆژەیەك وەرگرتووە و ھەوڵ دەدەین لە ئایندەیەكی نزیكدا دەست بە جێبەجێكردنیان بكەین". 


ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە