بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەت لیژنەیەکی تایبەت لە ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان دروست دەکرێت

پەیامی کورد   ...  بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەت لیژنەیەکی تایبەت لە ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان دروست دەکرێت

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان گوتی: بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەت لیژنەیەکی تایبەت لە ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان درووست کراوە، بە مەبەستی ئاسانکاریکردن بۆ وەبەرهێنەران، ئەمڕۆش ئەو لیژنەیە کۆبوونەوەی خۆی سازکرد.

د.محەمەد شوکری، ڕایگەیاند : ئەمڕۆ لیژنەیەکی تایبەت بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان درووست بووە، بە سەرۆکایەتی جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان بە مەبەستی ئاسانکاریکردن بۆ وەبەرهێنان و بابەتی تەمویلکردن و پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون و هەندێک پرسی دیکەی پەیوەست بە وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.

بەپێی ڕاگەیێندراوێکیش، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان کە تەواوکاری کۆبوونەوەی ڕابردووی ئەنجوومەن بوو، بە سەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران ئەنجام درا، تێیدا بڕیاردرا مووڵەتی کۆتایی بدرێت بە ژمارەیەک پڕۆژەی وەبەرهێنان کە پێشتر مامەڵەکانیان پێشکەش کردووە، هەروەها ئاسانکاری لە پرسی کوژانەوە بکرێت  لەگەڵ قەرەبووکردنەوەی زەوی بە مەبەستی بەگەڕخستنەوەی باشتری وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان.

لە کۆبوونەوەکەدا هەموو ئەو گرفتانەی بوونەتە هۆی خاوبوونەوەی پڕۆسەی وەبەرهێنان لەگەڵ چۆنییەتی چارەسەر کردنیان خرانە ڕوو، بە پشتبەستن بە ڕێکارە یاساییەکان تاووتوێکرا، لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد هاوکار و هەماهەنگ بن لەنێوان خۆیاندا بۆ ئەوەی بتوانن ئاسانکاری بۆ وەبەرهێنەران بکەن لەپێناو جێبەجێکردنی پڕۆژەکانیان.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا بەربەستەکانی بەردەم  دابینکردنی زەوی بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و  پرسی کوژاندنەوەی زەوی و قەرەبووکردنەوەیان تاووتوێ کران. لەم بارەیەوە بڕیاردرا: بەپێی یاسا بەرکارەکان کار بکرێت بۆ قەرەبووکردنەوەی خاوەنی ئەو زەویانەی بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان تەرخان دەکرێن پاش کوژاندنەوەیان، بەتایبەتیش ئەولەوییەت بدرێت لە ئاسانکاریکردن بۆ پڕۆژەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ.

هەروەها قسە لەسەر ئەو پڕۆژانەش کرا ، کە هاوبەشن لەنێوان کەرتەکانی نیشتەجێبوون و گەشتوگوزاردا و بڕیاردرا ئاسانکاری پێویستیان بۆ بکرێت.


ئەم بابەتە 11984 جار خوێندراوەتەوە