بە بڕیارێکی وەزارەتی نەوتی ئێران مەترسی درووستبوونی قەیرانی بەنزین لە هەرێمی کوردستان بەدی دەکرێت

پەیامی کورد      ...  بە بڕیارێکی وەزارەتی نەوتی ئێران مەترسی درووستبوونی قەیرانی بەنزین لە هەرێمی کوردستان بەدی دەکرێت

وەزارەتی نەوتی ئێران لەدوایین نووسراویدا بەڕێوبەرایەتی هەناردەكردنی بەرهەمە نەوتییەكانی ووڵاتەکەی ئاگادار کردوەتەوە کە لە ماوەیەكی نزیكدا ناردنی بەنزین و گازو بەرهەمە نەوتییەكان بۆ دەرەوە رابگرێت، ئەو بڕیارەش مەترسی سەرهەڵدانی قەیرانی بەنزین لەپارێزگاکانی هەرێم درووستدەکات بەوپێیەی ٨٠% بەنزینی کوردستان بۆ پێداویستی ناوخۆ لەئێرانەوە هاوردەکرێت، بۆیە پێشنیاز دەکرێت حکوومەت بەگوێرەی پلانێک نەوتی خاو بداتە پاڵاوگەکان و لەناوخۆدا بەنزین بەرهەم بهێنرێت.

وەزارەتی نەوتی ئێران لە نووسراوەکەیدا کە ئاڕاستەی بەڕێوبەرایەتی هەناردەكردنی بەرهەمە نەوتییەكانی ووڵاتەکەی کردوە باسی لەوەشکردوە، لە ماوەیەكی نزیكدا ناردنی بەنزین و گازو بەرهەمە نەوتییەكان بۆ دەرەوە رابگیرێت.

پەیوەست بەم بابەتەش کەریم عەلی، سەرۆکی لیژنەی وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاندووە بڕیارەکەی ئێران کاریگەری نەرێنی لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت ئەگەر وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، بەڵام بەگوێرەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئێران چاوەڕێ دەکرێت بڕیارەکە عێراق و کوردستان نەگرێتەوە، چوونکە لە بنەڕەتدا ئێران کە لە ئێستادا بەنزین بۆ لوبنان، ئەفغانستان و چەند ووڵاتێکی دیکە دەنێرێت خواستی ئەوەی هەیە رایبگرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، "بەپێچەوانەشەوە ئەگەر بڕیارەکە جێبەجێ بکرێت کاریگەری خراپی لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت، چوونکە ٨٠% بەنزینی کوردستان بۆ پێداویستی ناوخۆ لەئێرانەوە هاوردەکرێت و بەوەش گرفتێکی گەورە درووست دەبێت، بۆیە لەم قۆناغەدا باشترین چارەسەر ئەوەیە حکومەتی هەرێم رێژەیەکی بەرچاو لەنەوتی خاو بداتە پاڵاوگەکانی ناوخۆ و بەو شێوەیە بەنزین دابین بکرێت، تا حکوومەت خۆی یان بەهاوبەشی لەگەڵ کەرتی تایبەت پاڵاوگە درووست دەکات".

ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، لەئێستادا پاڵاوگەیەکی کەرتی تایبەت لەسلێمانی لەقۆناغی کۆتایی درووستکردندایە و بڕیارە لەکۆتایی ئەمساڵدا وەک قۆناغی یەکەم یەک ملیۆن لیتر بەنزین بەرهەم بهێنێت، بۆیە ئەگەر حکوومەت پلانی هەبێت بەئاسانی دەتوانێت گرفتی بەنزین چارەسەر بکات بەهاوبەشی پاڵاوگەکانی ناوخۆ.

 


ئەم بابەتە 11986 جار خوێندراوەتەوە