بە بەشداری سەرۆكی حكوومەت ئەمڕۆ كۆڕبەندی ئابووری داڤۆس دەست پێدەكات
پەیامی کورد ... بە بەشداری سەرۆكی حكوومەت ئەمڕۆ كۆڕبەندی ئابووری داڤۆس دەست پێدەكات
ئەمڕۆ دووشەممە کۆڕبەندی ئابووری داڤۆس ٢٠٢٥ لە ووڵاتی سویسڕا دەستپێدەکات، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی شاندێکی ھەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندەکە بەشدار دەبێت.
کۆڕبەندەکە ئەمڕۆ دووشەممە دەست بە کارەکانی دەکات و تا ڕۆژی ھەینی ڕێککەوتی ٢٤-١-٢٠٢٥ بەردەوام دەبێت، چاوەڕوان دەکرێت زیاتر لە ٣ ھەزار بەشداربوو لە ١٣٠ ووڵاتی جیھان بەشداری لە کۆڕبەندەکەدا بکەن.
مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە پاڵ نزیکەی ١٦٠٠ سەرۆک و سەرکردە و بازرگانی ووڵاتانی جیھان، یەکێک دەبێت لە بەشداربووان و شاندێکی ھەرێمی کوردستانیش لەگەڵیدا ھاوسەفەر دەبن.
بڕیارە لە کۆڕبەندی ئەمساڵی داڤۆس چەند تەوەری گرینگ تاوتوێ بکرێن، سەرەکیترینیان ململانێیەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ئاگربەست لە غەززە و حکوومەتی نوێی سووریا و ھەروەھا گۆڕانکارییەکانی کەش وھەوا و کەوتنەوەی ئاگرەکەی ویلایەتی کالیفۆرنیا لە ئەمریکا.
ئەم بابەتە 94 جار خوێندراوەتەوە