بە بەهای زیاتر لە ٣٤٩ ملیار دینار پڕۆژە لەسەرجەم پارێزگاکان جێبەجێ دەکرێن
پەیامی کورد ... بە بەهای زیاتر لە ٣٤٩ ملیار دینار پڕۆژە لەسەرجەم پارێزگاکان جێبەجێ دەکرێن
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ پارێزگارەکانی هەرێم کۆبوەوە و پلانی حکوومەتی هەرێم بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی پەرەپێدانی پارێزگاکان و ئەو پڕۆژانەی وەزارەتەکان لە پارێزگاکان ئەنجامی دەدەن لە سێکتەرەکانی شارەوانی، کارەبا، تەندرووستی، کشتوکاڵ، پەروەردە و رێگاوبان بۆ ساڵی ٢٠٢١ پەسەندکران، کە بە داهاتی بەردەستی حکوومەتی هەرێم ئەنجام دەدرێن و کۆی گشتی کوژمەکە، ٣٤٩ ملیار و ٧٠٢ ملیۆن دینارە.
نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە مەسروور بارزانی لەگەڵ پارێزگارەکانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە، لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەت بەشدار بوو، گفتوگۆ دەربارەی کێشە و گرفتە کارگێڕی و داراییەکانی پارێزگاکان و پلانی حکوومەت بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بۆ ساڵی ٢٠٢١ کرا.
سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوەدا، حکوومەتی هەرێم هەموو هەوڵێکی خۆی خستوەتەگەڕ بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم کە ئەرکێکی لە پێشینەی حکوومەتە.
مەسروور بارزانی وتیشی، "لە گفتوگۆکانمان بەردەوامین لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی بۆ دابینکردنی شایستە دراییەکانی هەرێمی کوردستان، لە هەمانکاتدا و بەو داهاتەی بەردەستە، لە چوارچێوەی بوودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢١ ، درێژە بە ئەنجامدانی چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاریی دەدرێت لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان".
لە کۆبوونەوەکەدا کە لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەڕێوەچوو، پیلانی حکوومەتی هەرێم بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی پەرەپێدانی پارێزگاکان و ئەو پڕۆژانەی وەزارەتەکان لە پارێزگاکان ئەنجامی دەدەن لە سێکتەرەکانی ( شارەوانی، کارەبا، تەندرووستی، کشتوکاڵ، پەروەردە و ڕێگاوبان) بۆ ساڵی ٢٠٢١ پەسەند کران.
لەراگەێندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕو، پڕۆژەکان بە داهاتی بەردەستی حکوومەتی هەرێم ئەنجام دەدرێت و کۆی گشتی کوژمەکە، ٣٤٩ ملیار ، ٧٠٢ ملیۆن دینارە.
پڕۆژەکان بەم شێوەیەی خوارەوە بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە:
پارێزگای سلێمانی
114,350,000,000 سەد و چواردە ملیار و سێسەد و پەنجا ملیۆن دینار.
پارێزگای هەڵەبجە
30,000,000,000 سی ملیار دینار.
پارێزگای هەولێر
000 ,128,352,000 سەدو بیست و هەشت ملیار و سێسەد و پەنجا و دو ملیۆن دینار.
پارێزگای دهۆک
77,000,000,000 حەفتا و حەفت ملیار دینار .
کۆی گشتی: 349,702,000,000 سێسەد و چل نۆ ملیار و حەفسەد و دو ملیۆن دینار.
ئەم بابەتە 11987 جار خوێندراوەتەوە