بە بەهای ٣٠٠ملیۆن دۆلار لەسەر قەرزی ژاپۆن پڕۆژەی ئاوی قورسی ھەولێر جێبەجێ دەکرێت
پەیامی کورد ... بە بەهای ٣٠٠ملیۆن دۆلار لەسەر قەرزی ژاپۆن پڕۆژەی ئاوی قورسی ھەولێر جێبەجێ دەکرێت
بەڕێوبەری ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئامادەکاریی تەواو بۆ پڕۆژەی ئاوی قورسی ھەولێر کراوە و لە ئێستادا تەندەریشی بۆ ئامادە کراوە و هەروەها دیزاینیشی بۆ کراوە، تەنھا ماوە دەست بە جێبەجێکردنی بکرێت، کە بە گوژمەی ٣٠٠ملیۆن دۆلار لەسەر قەرزی ژاپۆنی درووست دەکرێت.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوبەری ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند : "لە ماوەی ڕابردوودا گرێبەستێک لەگەڵ کۆمپانیایەکی راوێژکاری ئەنجام درا، بۆ ئەوەی بابەتی دیزاین کردنی پڕۆژەی ئاوی قورسی هەولێر ئامادە بکات و ئێستاش ئەوە ئامادە کراوە و گەیشتینە قۆناغی تەندەرین، کە ئەویش ئامادەیە و تەنھا ماوە رابگەێندرێت و دەست بە جێبەجێکردنی بکرێت، بۆیە ئێستا کارەکانی تەواو بووە و ئەمساڵ دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت".
ئەحمەد گوتیشی، ٣٠٠ملیۆن دۆلار لەسەر قەرزی ژاپۆنی بۆ پڕۆژەکە خەرج کراوە و سەرەتا یەک لەسەر ھەشتی جێبەجێ دەکرێت، کە ٧٥کم ئاوەڕۆیە و یەک لەسەر ھەشتی وێستگەی خاوێنکردنەوەی ئاوەکەیە، کە پێی دەگوترێت پڕۆژەی ئاوی قورسی ھەولێر و تا پڕۆژەکەش تەواو دەبێت، سێ ساڵ دەخایەنێت.
ئەم پڕۆژەیە، یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی شاری ھەولێر و ئەو ئاوەی کە لە ماڵان بەفیڕۆ دەچێت، جارێکی دیکە خاوێن دەکرێتەوە و بەکار دەھێندرێت بۆ پارک و باخچەکان و، ئاوەڕۆکانیش بە شێوەیەکی سەردەمی درووست دەکرێن، بۆیە پڕۆژەیەکی گەورە و ستراتیژییە بۆ شاری ھەولێر و سوودێکی زۆری ھەیە.
ئەم بابەتە 11986 جار خوێندراوەتەوە