بە دوو مەبەست کۆنفرانسێکی گەورەی نێودەوڵەتی لە ھەرێم ئه‌نجام ده‌درێت

پەیامی کورد     ...    بە دوو مەبەست کۆنفرانسێکی گەورەی نێودەوڵەتی لە ھەرێم ئه‌نجام ده‌درێت

سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، کۆنفرانسێکی گەورەی نێودەوڵەتی لەبارەی ژینگە لە ھەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت، کە بڕیارە ٥٠٠ کەس تێیدا بەشدار بن و بۆ دوو مەبەستیشە، یەکەم ھەر پڕۆژەیەکی وەبەرھێنان بکرێت، پێویستە مەرجی ژینگەیی تێدا بێت و دووەمیش ئەنجامدانی چەندین پڕۆژەی بواری ژینگەیە.

دکتۆر محەمەد شوکری، ڕایگەیاند : "دەستمان بە ئامادەکاری کردووە بۆ ئەوەی کۆنفرانسێکی جیھانی لە ھەولێر لەبارەی ژینگەوە ئەنجام بدەین و ئامادەکارییەکانیش تەواو بوون دەست بە کۆنفرانسەکە دەکرێت، کە رێبەرەکەشی بە ھەرسێ زمانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی ئامادەیە و کۆنفرانسەکەش جیھانی دەبێت، بۆ ئەوەی بتوانین دەرفەتی وەبەرھێنانی ژینگەیی لە کەرتی ژینکە بدەینە بازاڕ و کاری لەسەر بکرێت".

شوکری ووتیشی: "رای سەرۆکوەزیران لەو بارەیەوە زۆر ڕوونە، چوونکە کوردستانیش بەشێکە لە پرۆسەی جیھانی بۆ پاراستنی ژینگەی جیھانی بۆ پرسی گەرمبوونی گۆی زەوی، ئینجا لەمەودوا ھەر پڕۆژەیەکی وەبەرھێنان جێبەجێ بکرێت، پێویستە مەرجەکانی ژینگەی تێدا بێت، بۆیە ئێمە ئەو کۆنفرانسە ئەنجام دەدەین و بە جیددی کاری لەسەر دەکەین".

ناوبراو روونیشی کردەوە: "ھێندەی بتوانین ووڵاتان بەشدارییان پێ دەکەین و ئەوانەی کۆنسووڵخانەیان ھەیە و وەبەرھێنەرانی جیھانی داوەت دەکەین، کە دامانناوە ٥٠٠ کەس بەشداری بکەن، بۆ ئەوەی پانێلی جیاجیا و کۆبوونەوەی تایبەت لە نێوان کەرتی تایبەت و حکوومەت بکرێت، تا بتوانین ھەندێک پڕۆژەی وەبەرھێنان لە بواری ژینگەیی جێبەجێ بکرێن".

محەمەد شوکری باسی لەوەش کرد، بڕیارە پڕۆژەی تایبەت بە ژینگە ئەنجام بدرێن، وەکو کارگەی ریسایکلین و دووبارە سوودوەرگرتن لە ئاو و هەروەها سوودوەرگرتن لە خۆر بۆ کارەبا و سوودوەرگرتن لە ھەوا و دروستکردنی بەنداو، بۆ ئەوەی کارەبا بەرھەم بێت و سووتانی گازوایل کەم بکرێتەوە لەگەڵ پڕۆژەی کشتوکاڵی، بۆیە لەو کۆنفرانسەدا ھەموو پڕۆژەکان پێشکەش دەکرێن و دەدرێنە بازاڕ بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێن.


ئەم بابەتە 11992 جار خوێندراوەتەوە