بە دەنگی ژنە پێشمەرگەیەکی ڕۆژهەلات حکوومەتی سوید لە هەڵوەشاندنەوە ڕزگاری دەبێت

پەیامی کورد    ...   بە دەنگی ژنە پێشمەرگەیەکی ڕۆژهەلات حکوومەتی سوید لە هەڵوەشاندنەوە ڕزگاری دەبێت

بەمەرجی بەردەوامی پشتیوانی لە کوردانی ڕۆژئاوا و رێگری لەناردنەوەی هەر هاووڵاتییەک بۆ ووڵاتەکەی کە مەترسی لەسەر ژیانی درووست دەبێت، ئامینە كاكەباوە، ئەندامی سەربەخۆ لە پەرلەمانی سوید ئەمڕۆ سێشەممە دەنگیدا بۆ مانەوەی حکوومەتی سوید و بەو دەنگەی ئەویش حکوومەتەکەی ماگدالینا ئاندرسۆن لە هەڵوەشاندنەوە رزگاری بوو.

ئه‌مینه‌ كاكه‌باوه‌، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە کە ئەمڕۆ بەشداریکرد لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی سوید کە تایبەت بوو بە دەنگدان لەسەر وەرگرتنەوەی متمانە لە مۆرگان یۆهانسۆن، وه‌زیری دادی ئەو ووڵاتە، پێشتریش ماگدالینا ئاندرسۆن، سەرۆکی حکوومەتی سوید هۆشداری دابو کە ئەگەر متمانە لە وه‌زیری داد وەربگیرێتەوە حکوومەتەکەی هەڵدەوەشێنێتەوە.

لەکۆبوونەوەکەدا ١٧٤ پەرلەمانتاری ئۆپۆزسیۆن دەنگیاندا بۆ وەرگرتنەوەی متمانە لە وه‌زیری دادی سوید و ١٧٥ پەرلەمانتاریش دژی وەرگرتنەوە متمانە دەنگیاندا، بەو پێیەش بە تاکە دەنگی ئامینە كاكەباوە حکوومەتی سوید و وه‌زیری دادی ئەو ووڵاتە لە هەڵوەشانەوە رزگاری بوو.

هەرچەندە حکوومەتەکەی ماگدالینا ئاندرسۆن لە هەڵوەشانەوە رزگاری بوو، بەڵام بەهۆی پەسەندکردنی مەرجەکانی ئەو پەرلەمانتارە کوردە، لەوانەیە سوید لەپرسی بە ئەندام بونی لە ناتۆ لەگەڵ تورکیا ڕووبەڕووی رەتکردنەوە ببێتەوە، بەتایبەت کە ئامینە كاكەباوە بە مەرجی بەردەوامی پشتیوانی سوید لە رۆژئاوای کوردستان، دەنگی بەمانەوەی وەزیری داد داوە.

ئامینە كاكەباوە لەبارەی داواکارییەکانی تورکیا لە سوید، رەخنەی لە رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا گرت و داواکارییەکانی ئانکارای بە "بەرتەسکردنەوەی ئازادییەکان" ناوبرد و رایگەیاند، "لەم هۆڵەدا  یاساکانی سوید یەکلایی دەکرێنەوە نەک لە ئانکارا ."

ئامینە كاكە باوە، لە گوندی تورجانی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایكبوە، لە تەمەنی ١٤ ساڵیدا بوە بە پێشمەرگەی حزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران، لە ساڵی ١٩٩٢ەوە لەسوید دەژی، ١٧ ساڵە کاردەکات لەناو پارتی چەپی سوید و دوو خولە ئەندامی پەرلەمانی سویدە.

تورکیا داوای لە سوید و فینلاند کردوە پشتیوانی بۆ گرووپ و رێکخراوەکانی نزیک لە پەکەکە بوەستێنن، گەمارۆی سەر کەرتی پیشەسازی سەربازی تورکیا هەڵبگرن و ئەو سیاسییانەش بگەڕێننەوە کە تورکیا داوایان دەکات.

ناوەڕاستی مانگی رابردوو سوید و فینلاند داواکارییان بۆ ئەندام بوونیان لە ناتۆ بەرزکردەوە، داواکارییەکە لەلایەن زۆرینەی ئەندامانی رێکخراوەکە بە گەرمی پێشوازی لێکرا، بەڵام تورکیا لە دژی بڕیاری بە ئەندام بوونی ئەو دوو ووڵاتە وەستایەوە، ئەوەش وایکرد ناتۆ نەتوانێت دەست بە رێکارە پێویستەکان بکات


ئەم بابەتە 11995 جار خوێندراوەتەوە