بە سەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی لە کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە تووندوتیژی دژی ژنان چەند بڕیارێکی گرینگی دەرکرد
پەیامی کورد ... بە سەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی لە کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە تووندوتیژی دژی ژنان چەند بڕیارێکی گرینگی دەرکرد
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە تووندوتیژی دژی ژنان کرد و بڕیاریدا؛ پەلە بکرێت لەجێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی کەیسەکانی تووندوتیژی دژی ژنان.
نووسینگەی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە بەسەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی لەهەولێر کۆبوونەوەیەکی فراوان سەبارەت بەزیادبوونی رێژەى حاڵەتەکانی کوشتن و خۆکوشتن و تووندوتیژی دژی ژنان لەهەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەرێوەچوو کەتێیدا تاوتوێی ئەو حاڵەتانەکرا کەلەماوەى رابردوودا تۆمارکراون، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستی گرتنەبەرى رێگەچارەى خێرا و پلانی کورتخایەن خرایەڕو، لەپێناو رێگری لەپەرەسەندنی ئەم حاڵەتانەدا.
لەوبارەیەوە جێگرى سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران وتی، "پێویستە هەنگاوی خێرا بگرینەبەر بۆ رێگری لەپەرەسەندنی حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان و خۆکوشتن، و لەڕێى کەناڵە جیاوازەکانەوە هەوڵى بڵاوکردنەوەى رێنمایی و هۆشیاری خێزانی بدەین تا چارەسەرى پێویست بۆ ئەم گرفتە کۆمەڵایەتییە بدۆزینەوە".
لەکۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی بڕیاریدا رێگەچارەى خێرا بگیرێتەبەر، لەجێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی کەیسەکانی توندوتیژی دژی ژنان، لەگەڵ کردنەوەى خولى جۆراوجۆرى راهێنان بۆ ئەفسەران و ووتەبێژان لەبارەى هۆشیارى لەبنەماکانی یەکسانی جێندەری.
هەروەها بڕیاردرا رێگری بکرێت لەبردنەدەرەوەی کەیسی نێو شێڵتەرەکان تا کۆتایی هاتنی راوێژ لەگەڵ سەنتەرە تایبەتەکاندا، لەگەڵ جیاکردنەوەى کەیسەکان لەناو شێڵتەر بەپێى جۆر و تایبەتمەندی کەیسەکان. هەروەها بڕیاردرا بە دابینکردنی بوودجەی پێویست و بینای گونجاو بۆ شێڵتەرەکان.
هاوکات قوباد تاڵەبانی بڕیاریشدرا ئەنجوومەنی باڵای خانمان ستراتیژێکی تایبەت بە ڕێگری کردن لە تووندوتیژی دژی ژنان ئامادەبکات بەوەرگرتنی بۆچوونی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەوەی حکوومەت بیخاتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەروەها بۆردێک درووست بکرێت بۆ بەدواداچوون و پابەندبوون بەمیساقی شەرەف کەلەنێوانی راگەیاندن و رێکخراوەکان هەیە، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر رێگری کردن لە سەرپێچیکردن لە رێنماییەکانی وەزارەت و بنەما پیشەیی یە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان تایبەت بەروماڵى کەیسەکانی ژنان.
هاوکات جەختکرایەوە کە پێویستە مامۆستایانی ئاینی رۆڵى خۆیان ببینن و لەوتارە ئاینییەکاندا پاڵپشتی بەرەنگاربوونەوەى کوشتن و خۆکوشتنی ژنان بکەن.
لەراگەێندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕو، کۆبوونەوە بەگرینگی زانی سود لەتواناى توێژەرانی کۆمەڵایەتی و دەروونی و چالاکوانانی بوارى مافى مرۆڤ ببینرێت بۆ هۆشیارکردنەوەى تاکەکانی کۆمەڵ و بەهێزکردن و بڵاوکردنەوەى گیانی باوەڕبەخۆبوون و چاندنی تۆوی هیواو ئومێد لەجێى نائومێدی، سەربارى خستنەڕووى ئەوەى کە خۆکوشتن نەحاڵەتێکی ژیرییە و نەچارەسەرێکی درووستە بۆ زاڵبوون بەسەر کێشەکاندا.
ئەم بابەتە 11994 جار خوێندراوەتەوە