بە سەرپەرشتی مەسروور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و جێگرەکەی ئەنجوومەن کۆبووەوە
پەیامی کورد ... بە سەرپەرشتی مەسروور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و جێگرەکەی ئەنجوومەن کۆبووەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە 16ی ئاداری 2022 بە سەرپەرشتی مەسروور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەن کۆبووەوە.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، کە تایبەت بوو بە بەرزڕاگرتنی یادی سی و چوارەمین ساڵیادی تاوانی جینۆسایدی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، لە لایەن ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران ، ژمارەیەک پێشنیار و داواکاری پارێزگای هەڵەبجە خرانەڕوو لە بوارە جیاجیاکانی تەواوکردنی هەیکەلیەتی ئیداری پارێزگاکە و پڕکردنەوەی پێداویستی میلاک و دامەزراندن بۆ فەرمانگە وبەڕێوبەرایەتیە گشتییەکان وبوودجەی پارێزگاکە و پڕۆژەکانی خزمەتگوزاری گشتی و ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە و پێکهێنانی ئەنجوومەنی پارێزگا و پێدانی تایبەتمەندیەتی بە پارێزگا لە ڕووی ئیداری و داراییەوە وەک پارێزگایەکی نوێ، هەروەها بابەتی تێستی دی ئێن ئەی( ( DNAبۆ منداڵە وونبوەکان و چەند داواکاری وپێشنیارێکی دیکە کە لە لایەن پارێزگاری هەڵەبجە ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران کرابوون، ئەنجوومەنی وەزیران، وێڕای جەختکردنەوە لە پێویستی خزمەتکردنی هەڵەبجە وەک ئەرکی لە پێشینەی حکومەت بە شێوەیەک شایستەی هەڵەبجە بێت ، دووپاتیشی کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی كوردستان، خۆی بە قەرزاری کەسوکاری شەهیدانی هەڵەبجە و هەموو شەهیدانی کوردستان دەزانێت و ئەرکی لەپێشینەی حکوومەتە کە خزمەتێکی شایستەی هەڵەبجە و دانیشتووانە خۆشەویستەکەی بکات.
دوای گفتوگۆ، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا، لیژنەیەک لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ڕابسپێرێت بۆ بەدوادچوونی خێرا و جێبەجێکردنی بڕگەکانی ئەو یادداشتە بە ئاراستەی خزمەتی زیاتری پارێزگای هەڵەبجە و هەڵەبجەییەکان و بەڕەچاوکردنی تایبەتمەندیی ئەم پارێزگایە، لە هەمانکاتدا ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە پێویستە حکوومەتی عێراق، بەرپرسیارییەتی ئەخلاقی و دەستووری خۆی لە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەهیدان و برینداران و زیان لێکەوتووانی کیمیابارانی هەڵەبجە و گشت قوربانیانی جینۆسایدکردنی گەلی کوردستان و ناوچە زیان لێکەوتووەکانی دیکەی کوردستان بگرێتە ئەستۆ هەروەک لە ماددەی 132ی دەستوور ئەم بەرپرسیاریەتییە بە ئاشکرا خراوەتە ئەستۆی دەسەڵاتە فیدڕاڵییەکان.
بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، بریتی بوو لە گفتوگۆکردن دەربارەی هێرشە مووشەکیەکەی سەر شوێنی نیشتەجیبوونی هاووڵاتییانی هەولێر لە بەرەبەیانی ڕۆژی 2022-3-13 و بەسەرکردنەوەی شوێنەکە لە لایەن سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و شاندی یاوەری .
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا کە ئەمە هێرشە بۆ سەر ژیان و ئاسایشی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و سەروەری عێراق و پێویستە عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ڕێگری لەم جۆرە هێرش و دەستدرێژیانە بۆ سەر هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عێراق بکەن.
سەرۆک وەزیران ڕوونیکردەوە کە ئەو تۆمەت و بوختانانەی دەدرێنە پاڵ هەرێمی کوردستان، هیچ بنەمایەکیان نییە و دوورن لە ڕاستییەوە. بەناوی ئەنجومەنی وەزیرانیشەوە، وێڕای دووبارە بە توندی سەرکۆنەکردنی ئەو هێرش و پەلامارە بۆ سەر هاووڵاتییانی هەولێر، ئەنجوومەنی وەزیران داوای کرد، لیژنەیەکی نێودەوڵەتیش کە لە نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمکاری عەرەبی و کۆماری ئیسلامی ئێران و عێراق و هەرێمی کوردستان پێک بهێنرێت بۆ دەرخستنی ڕاستییەکان و ڕەتکردنەوەی تۆمەتەکان.
لە بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا وەزارەتەکان و دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕابسپێرێت کە پێویستە لە ئێستا زیاتر بە پێی تایبەتمەندێیتیان بەرپرسیاریەتی وەڵامدانەوە و چارەسەرکردنی کێشە و ناڕەزایی و پێداویستییەکانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بگرنە ئەستۆ، بە پێی تایبەتمەندیەتی هەر وەزارەتێک و لە چوارچێوەی ئەرک و دەسەڵات وبەرپرسیاریەتیان، کە ئەمە ئەرکی وەزارەتەکانە نەک تەنها ئەنجوومەنی وەزیران، لەم ڕووەشەوە وەزارەتەکان پلانی خۆیان دەخەنەڕوو لە ڕووی پێدانی دەسەڵاتی پێویست پێیان و برەودان بە میکانیزمیی بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان بە شێوەیەک پێویستە چالاکتر لە ئێستا بە دەنگ داواکاری و پێداویستیەکانی هاووڵاتییانەوە بچن، لە ڕێگای بەڕێوبەرایەتی و دامەزراوەکانی وەزارەت لە پارێزگا وئیدارە سەربەخۆکان و قەتیسنەکردنی دەسەڵات لە دیوانی وەزارەتەکان.
لە دوابڕگەشدا ئەنجوومەنی وەزیران، دڵنیایی دا بە مووچەخۆران کە پارەی پێویست دابینکراوە بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات و وەزارەتی دارایی وئابووری ،لە ڕۆژانی پشووی جەژنی نەورۆزیشدا، بەردەوام دەبێت لە پرۆسەی دابەشکردنی مووچە.
ئەم بابەتە 11995 جار خوێندراوەتەوە