بە سەرپەرشتی مەسروور بارزانی گفتوگۆکانی ئەنجوومەنی وەزیران دەربارەی ئامادەکارییەکانی بوودجەی ٢٠٢١ ی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات
پەیامی کورد ... بە سەرپەرشتی مەسروور بارزانی گفتوگۆکانی ئەنجوومەنی وەزیران دەربارەی ئامادەکارییەکانی بوودجەی ٢٠٢١ ی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠٢١/١/٧ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسروور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران ، کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی ئەنجامدا
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران ، بەناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە ، پیرۆزبایی لە کەمال ئەترووشی وەزیری نوێی سامانە سرووشتییەکان کرد بە بۆنەی متمانە وەرگرتنی لە پەرلەمانی کوردستان و دەستبەکاربوونی و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکەکانیدا.
بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە ، بریتی بوو لە خستنەڕووی، هێڵە گشتییەکانی ڕەشنووسی یەکەمی پڕۆژەی بوودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی٢٠٢١ و پێشبینی و پێشنیارەکانی وەزارەتەکان، سەبارەت بە ڕێکخستنەوەی داهات و کەمکردنەوەی خەرجییەکان و سنووردارکردنی کورتهێنانی دارایی بۆ ساڵی ٢٠٢١ .
ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری، ڕاپۆرتێکی دەربارەی دۆخی دارایی ئێستای هەرێمی کوردستان و ئامادەکارییەکانی ڕەشنووسی پڕۆژە بوودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢١ خستەڕوو.
دواتر دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان، ڕاپۆرتی وەزارەتەکەی پێشکەش کرد دەربارەب بودجەی وەبەرھێنان بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، لە چوارچێوەی پڕۆژە بوودجەی ھەرێم بۆ ساڵی ٢٠٢١.
دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجوومەنی وەزیران خشتەیەکی زەمەنی پەسەندکرد بۆ ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای بوودجەی ساڵی ٢٠٢١، بۆ ئەم مەبەستەش ھەفتەی داھاتوو، ئەنجوومەنی باڵای ئابووری کۆدەبێتەوە بۆ پەسەندکردنی ڕەشنووسی یەکەمی بوودجە.
ھەر لە چوارچێوەی گفتوگۆکردن لەسەر ڕێکخستنەوەی داھات لەپڕۆژە یاسای بودجەی ھەرێم، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە لە چوارچێوەی کارنامەی چاکسازیی کابینەی نۆیەم، هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ ڕیکخستنەوە و زیادکردنی داهاتەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان .
لەم چوارچێوەیەدا ، بە ڕاسپاردەی سەرۆک وەزیران ، یٔەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە ڕاسپاردنی هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە کە هێزێکی تایبەت و هاوبەش پێکبهێنن، بۆ ڕێگەکرتن لە هەر پێشێلکاری و سەرپێچی و کارێکی نایاسایی لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەو ھێزە ھاوبەشە ، دەسەڵاتی یاسایی پێویستی دەبێت بۆ جێبەجێکردنی یاسا وڕێکارەکان لە دەروازەکان و بەرەنگاربوونەوەی قاچاغچێتی و كاری ناقانونی لە سەرجەم دەروازەکان بە بێ جیاوازی. سەرەڕای جەختکردنەوە لەسەر جێبەجێکردنی یٔەو بڕیارانەی کە پێشتر دراون بۆ ڕێکخستنەوەی گرێبەستی خزمەتگوزاریی دەروازە سنووریەکان، بە ڕەچاوکردنی داھات و بەرژەوەندی گشتی.
ئەم بابەتە 11984 جار خوێندراوەتەوە