بە سەرۆکایەتی مەسروور بارزانی ئەنجومەنی وەزیران ئەنجامی دانوستانەکان لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی تاووتوێ دەکات

پەیامی کورد     ...    بە سەرۆکایەتی مەسروور بارزانی ئەنجوومەنی وەزیران ئەنجامی دانووستانەکان لە گەڵ حکوومەتی فیدراڵی تاووتوێ دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/12/23 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسروور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران کۆبووەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران ستایشی هەوڵ و کۆششەکانی شاندی دانووستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لە گەڵ حکوومەتی فیدراڵی کرد کە بۆ ماوەی دوو هەفتە لە بەغدا بوون و چەندین دیدار و کۆبوونەوەیان لە گەڵ بەرپرسانی باڵای حکوومەتی فیدراڵی ئەنجامدا. سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هیچ بیانوویەکی بۆ حکوومەتی فیدراڵی نەهێشتووەتەوە و لە چوارچێوەی دەستووردا هەموو پابەندبوونەکانی خۆی جێبەجێ کردووە لە پێناو چارەسەکردنی کێشەکان و گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە کە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دابین بکات. جەختیشی لەوە کردەوە کە هەرگیز دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانمان نابین. گوتیشی بەداخەوە بابەتی مووچە و شایستە داراییەکان، کراوەتە کارتێکی فشاری سیاسیی لە دژی خەڵکی هەرێمی کوردستان.
سەرۆک وەزیران داوای کرد کە نەتەوە یەکگرتووەکان، وەک لایەنی سێیەم لەمەودوا بەشدار بێت لە دانوستانەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی بۆ ئەوەی ماف و ئەرکەکانی هەر لایەک دیاربێت.
ئینجا شاندی دانووستانكاری هەرێمی کوردستان، دە‌رئە‌نجامی سە‌ردانە‌كە‌یان بۆ بە‌غدا خستە‌ڕوو و ڕایانگە‌یاند؛ ‌ھۆكاری سە‌ردانە‌كە‌یان لە‌پێناو بە‌دە‌ستھێنانی شایستە‌ داراییە‌كانی خە‌ڵكی هەرێمی كوردستان و مووچە‌خۆران بوو. ھە‌روە‌ھا باسیان لە‌چۆنییە‌تی ڕێككە‌وتن لە‌سە‌ر پشكی ھە‌رێمی كوردستان لە‌ پڕۆژە‌ یاسای بوودجە‌ی 2021 كرد كە‌ ئە‌نجوومە‌نی وە‌زیرانی عێراق دواتر پە‌سە‌ندی كرد. ئاماژەیان بە ناوە‌ڕۆكی گفتوگۆكانیان كرد لە‌سە‌ر جێبە‌جێكردنی یاسای پڕكردنە‌وە‌ی كورتھێنانی دارایی. شاندە‌كە‌ ئە‌وە‌یان دووپاتكردە‌ووە‌ كە‌ سە‌ردانیان بۆ بە‌غدا بە‌مە‌بە‌ستی جێبە‌جێكردنی یاساكە‌ بوو نە‌ك دانووستاندن لە‌سە‌ر یاساكە‌، ئە‌و مە‌رجانە‌ی لە‌سە‌ر ھە‌رێمی كوردستان بوون لە‌لایە‌ن ھە‌رێمە‌وە‌ جێبە‌جێ كراون و ھیچ ھۆكارێك نە‌ماوە‌ بۆ تە‌مویل نە‌كردنی ھە‌رێمی كوردستان. بۆیە ئەنجوومەنی وەزیران، جە‌ختی كردە‌وە‌ كە‌ پێویستە‌ حكوومە‌تی فیدراڵ، بە‌زووترین كات پشكی ھە‌رێم  بە‌پێی یاساكە‌ بنێرێت.
ئەنجوومەنی وەزیران، هەروەها بڕیاریدا وردەکارییەکانی دانوستان و دوا هەڵوێستی بەرپرسانی بەغدا بەرامبەر ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم، بخاتە بەردەم پەرلەمانی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان و ڕای گشتی هەرێمی کوردستان.
لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەدا ، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان، پێشبینی و بەرچاوڕوونی پێویستیان سەبارەت بە داهات و خەرجی و کورتهێنان لە هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی دارایی 2021  و ئامادەکارییەکانی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ گەڵاڵەکردنی پڕۆژە یاسای بوودجەی گشتی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2021 خستەڕوو. دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، چەندین پێشنیار و ڕاسپاردەی پێویست بۆ ڕێکخستنەوەی خەرجی و باج و داهاتەکانی هەرێمی کوردستان خرانەڕوو.
لە بارەی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی، ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە بەووردی چاودێری بازاڕەکان بکەن و سنوورێک بۆ گرانکردنی نرخەکان دابنرێت کە هەندێک کەس دەیانەوێ ئەم دۆخە بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان و زیادکردنی بارگرانی لە سەر هاووڵاتییان بقۆزنەوە .
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجوومەنی وەزیران دۆخی پەتای کۆرۆنا و جۆری نوێی ڤیرووسەکەی لە هەرێمی کوردستان تاووتوێ کرد و وەزیری تەندرووستی سامان بەرزنجی، ڕاپۆرتێکی تایبەتی لەمبارەیەوە خستەڕوو. ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندرووستییەکان لە شوێنە گشتییەکان و کەرتی تایبەت و فەرمانگەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تووندتر بکرێن.
ئەنجوومەنی وەزیران بەبۆنەی جەژنەکانی لە دایکبوون ( کریسمەس) و سەری ساڵی نوێ، پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و بە تایبەتی خوشک و برا کریستیانەکان دەکات و بۆ ئەم مەبەستەش بڕیاریدا، ڕۆژانی 12/27 تا  2021/1/2 پشووی فەرمی بێت لە سەرجەم فەرمانگەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.


ئەم بابەتە 12000 جار خوێندراوەتەوە