بە سەرۆکایەتی مەسروور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجوومەنی وەزیران بەڕێوەچوو

پەیامی کورد     ...    بە سەرۆکایەتی مەسروور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجوومەنی وەزیران بەڕێوەچوو

ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی نۆڤێمبەری 2021 بە سەرۆکایەتی مەسروور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران  و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجوومەنی وەزیران بەڕێوەچوو.

بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە، بریتی بوو لە خستنەڕووی ڕەشنووسی پەیڕەوی ئەنجومەنی باڵای
گەشەپێدانی خانمان لە هەرێمی کوردستان، لە لایەن خانزاد ئەحمەد ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنەکە .
سەرۆکی حکومەت، ئاماژەی بەوەدا کە ئافرەتان لە کۆمەڵگەی کوردستاندا ، لە قۆناغە جیاوازەکانی خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردستان، خاوەنی مێژووییەکی پڕ قوربانیدان و سەروەرین و ڕۆڵێکی کاریگەریان هەبووە . جەختیشی کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو هەوڵێک دەخاتەگەڕ، بۆ نەهێشتنی ئاستەنگ و بەربەستەکان لە بەردەم ئافرەتان و وەستانەوە دژی جیاکاری ڕەگەزی و پەراوێزخستنی ڕۆلی ئافرەتان لە پێناو بەرزکردنەوە و زیادکردنی ڕێژەی بەشداری کارای ئافرەتان لە دەسەڵات و پاراستنی مافەکانیان لە نێو کۆمەڵگەدا و ئەمەش لە هێڵەگشتییەکانی بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمدا جێگیرکراوە و جێی بایەخمانە.
ئەنجوومەنی وەزیران، دوای لەبەرچاوگرتنی چەند تێبینی و پێشنیارکردنی هەموارکردنی چەند بڕگەیەک، ڕەشنووسی پەیڕەوەکەی پەسەند کرد.
پاشان ئالان محەمەد سەعید وەزیری پەروەردە و ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، باسیان لە بابەتی وەرگرتنی دەرچووانی ئامادەییەکان لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی خوێندنی 2021-2022 كرد. ئەنجوومەنی وەزیران، بە بایەخەوە لە هۆکارەکانی ئەم بابەتەی کۆڵییەوە وجەختی کردەوە لەسەر ، ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان بۆ خوێندن بە پێی کۆنمرە و شایستەبوون لەگەڵ پاراستنی کوالیتی خوێندن لە زانکۆ وپەیمانگاکان و برەودان بە تواناکان ، وەزارەتە پەیوەندیدارەکانیشی ڕاسپارد، بۆ دابینکردنی پێداویستیەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان و داڕشتنی پلانی پێویست بۆ ساڵانی داهاتوو، تا ئەو کێشانەی ئەمساڵ دووبارە نەبنەوە، لەگەڵ بایەخی بەستنەوەی کورسی وبوارەکانی خوێندنی باڵا، بە پێداویستیەکانی حکوومەتی هەرێم و کەرتی تایبەت.

هەروەها سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، باسی لە هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێم کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەو کۆچبەرانەی هەرێمی کوردستان کە لە ووڵاتی بێلارووسیاوە دەچنە ووڵاتانی ئەورووپا . ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی ناوخۆی ڕاسپارد، بۆ وەرگرتنی ڕێکاریی قانونی لەبەرامبەر ئەو کەس وباندانەی کە بازرگانی بە ژیان و سەلامەتی گەنجان دەکەن ، هەروەها بەردەوامیدان بە هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێم، بۆ چارەسەری کێشە ئەو کۆچبەرە کوردستانییانەی کە لە دەرەوە گیریان خواردووە.    
لە  بڕگەی کۆتاییدا، لە لایەن ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گشتوگوزار تیشک خرایە سەر بابەتی بەهاناوەچوون زیانلێکەوتووانی هاووڵاتییان لە ئەنجامی لافاوی ڕۆژی 30ی ئۆکتۆبەری 2021 دەوربەری هەولێر و قەرەبووکردنەوەیان.
ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد، بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی ڕوودانی ئەو زیانانە و چۆنیەتی چارەسەرکردنیان، بڕیاریشدرا لە نزیکترین کاتدا، دەست بە خەرجکردنی قەرەبوو بۆ ئەو خێزانە زیانلێکەوتووانە بکرێت،  لە هەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران، دەستخۆشی لە سەرجەم تیمەکانی دامەزراوە خزمەتگوزارییەکانی هەرێم کرد کە بە هانای ئەو خێزانانەوە چوون، کە بە هۆی لافاوەکە زیانمەند بوون.


ئەم بابەتە 11987 جار خوێندراوەتەوە