بە فەرمانی ڕابەری باڵای ئێران کوردێکی سوننەی " سنە ' یی دەبێتە سەرکردەی هێزە دەریاییەکانی سوپای ئەو ووڵاتە
پەیامی کورد ... بە فەرمانی ڕابەری باڵای ئێران کوردێکی سوننەی " سنە ' یی دەبێتە سەرکردەی هێزە دەریاییەکانی سوپای ئەو ووڵاتە
بە بڕیاری عەلی خامنەیی، رابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، شەھرام ئێرانی، کە کوردێکی سوننە مەزهەبە ، دەبێتە سەرکردەی ھێزی دەریایی سوپای ئێران.
بە پێی هەواڵ و زانیارییەکان ، نووسینگەی ڕابەری باڵای ئێران بڵاویکردەوە، بە بڕیاری ئایەتۆڵڵا عەلی خامنەیی، رابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، شەھرام ئێرانی کراوە بە سەرکردەی ھێزی دەریایی سوپای کۆماری ئیسلامی ئێران.
لە دەقی بڕیارەکەی رابەری باڵای ئێراندا هاتوە، "بە سەرنجدان بە پێشینەی درەوشاوە و لەسەر پێشنیاری سەرکردەی تێکڕای سوپا، شەھرام ئێرانی بۆ پۆستی سەرکردایەتی ھێزی دەریایی سوپای کۆماری ئیسلامی ئێران دیاری دەکەم".
خامنەیی بۆ شەھرام ئێرانی نوسیویەتی، "لە بەڕێزتان چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت، کە بە شێوەیەکی بە بڕشتانەو شیاو گرینگی بدەن بە ئاڕاستەی بەرەوپێشبردنی جیھاد و شۆڕشگێڕانەی ئەو ھێزە، ھەروەھا بەرزکردنەوەی ئاستی توانای هێزەکە".
شەھرام ئێرانی لە شاری سنەی ناوەندی پارێزگای کوردستان لە ڕۆژئاوای ئێران لە دایکبوە، دوای تەواوکردنی خوێندنی ئامادەیی و سەرەتایی لە شارستانی سەرپێڵی زەھاوی کرماشان، گەڕاوەتەوە بۆ سنە و قۆناغی خوێندنی قوتابخانەی لەو شارەدا تەواوکردوە، پاشان چوەتە زانکۆی زانستە دەریاییەکانی (ئیمام خومەینی).
شەھرام ئێرانی ساڵی 1947 لە دایکبوە، پێشتر چەندین ئەرکی لە هێزی دەریایی وەک، کەشتی سوک، قورس، پاپۆڕی تۆپدار، پاپۆڕی موشەک هاوێژ، پاپۆڕگەلی پشتیوانی و گواستنەوەی ھێز، پاپۆڕشکێنی کڵاس ئەڵوەن و پاپۆڕی کۆپتەرھەڵگری خارک-ی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە ئەستۆ گرتوە.
ئەو فەرماندە سەربازییە کوردە بڕوانامەی ماستەری لە بواری سەرکردایەتی و ئەرکان بەدەستهێناوە، لە ئێستادا جگە لەوەی ئەندامە لە کۆڕی زانیاریی دافوس-ی سوپای کۆماری ئیسلامیی ئێران، وەکو مامۆستای زانکۆی زانستە دەریاییەکانی "ئیمام خومەینی" وانە دەڵێتەوە.
ئەم بابەتە 11987 جار خوێندراوەتەوە