بە مەرج ئەوانەی بەشە خۆراکیان ڕاگیرابوو بۆیان دەگەڕێتەوە

پەیامی کورد   ...   بە مەرج ئەوانەی بەشە خۆراکیان ڕاگیرابوو بۆیان دەگەڕێتەوە

بەڕێوبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند : ئەوانەی فۆرمی خۆراکی ئێلێکترۆنییان درووست نەکردبوو بەشە خۆراکیان ڕاگیرابوو، بەڵام ئەوەی ئێستا سەردانی بەڕێوبەرایەتی دابەش کردنی خۆراک بکات بەشە خۆراکیان بۆ دەگەرێتەوە. 

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند : لە سنووری پارێزگای دھۆک خەڵکێکی زۆر ھەبوو فۆرمی ئێلێکترۆنی خۆراکی چاک نەکردبوو جا ھەریەکە و بەھۆکارێک بۆیە بەشە خۆراکیان ڕاگیرا، بەڵام ئێستا کێشەکەیان چارەسەر دەکرێت بەو مەرجەی ئەو کەسانە بچنە بەڕێوبەرایەتی دابەشکردنی خۆراک لە دھۆک و بوونی خۆیان بسەلمێنن، ھەندێک پێویستییان بە پشتگیری ھەیە بیبەن، ئەوکات بۆیان دەگەڕێتەوە ئەگەر نا بەشە خۆراکیان ھەر بە ڕاگیراوی دەمینێتەوە.

نەوزاد شێخ کامیل ووتیشی : ئەوانەی بەشە خۆراکیان ڕاگیرابوو ژمارەیان نزیکەی ٢٠ھەزار کەس بوو، بەڵام ئێستا بەردەوام خەڵک دەچن بۆ بەرێوبەرایەتی دابەشکردنی خۆراک و بەشە خۆراکی مانگانەیان بۆ دەگەڕێتەوە و ئەو ژمارەیەی پێشتر ھەبوو زۆر کەمیکردووە، بەڵام ھەشە ناوی دووبارەیە، مردووش ڕەشنەکراونەتەوە، بۆیە ئەمانە بەشەخۆراکیان بۆ ناگەڕێتەوە. 

گوتیشی: ھەر کەسێک بەشە خۆراکی مانگانەی بڕاوە پێویستە بچێت بوونی خۆی بسەلمێنێت و بەشە خۆراکی بۆ بگەرێتەوە و فۆرمی خۆراکیشی نوێ بکاتەوە. 


ئەم بابەتە 12025 جار خوێندراوەتەوە