بە هۆی تەقینەوەکەی هەفتەی ڕابردووی ئێران دوو ئەندامی پلە باڵای سوپای پاسداران کوژراون

پەیامی کورد     ...   بە هۆی تەقینەوەکەی هەفتەی ڕابردووی ئێران دوو ئەندامی پلە باڵای سوپای پاسداران کوژراون

بەهۆی تەقینەوەیەک لە ناوەندێکی توێژینەوەی مووشەکی لە ڕۆژاوای تاران دوو کەس لە ئەندامانی سوپای پاسداران کوژران.

بەپێی هەواڵی تایمزی ئیسرائیل کە ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی سێپتەمبەر ی ٢٠٢١، بڵاوی کردۆتەوە بەهۆی تەقینەوەیەک لە ناوەندی توێژینەوەی مووشەکی “گرووپی پیشەیی شەهید هیممەت” کە سەر بە سوپای پاسدارانە، دوو کەس لە ئەندامانی سوپای پاسداران کوژران و خەسارێکی زۆر بەر ئەو شووێنە کەوتووە و لە حاڵێکدا سوپای پاسداران خۆی ڕایگەیاندبوو کە هۆکاری ئەو ڕووداوە ئاگرکەوتنەوە بووە.

سوپا لەو گرتەڤیدیۆیانەی کە ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو پاش تەقینەوەکە بڵاوی کردبۆوە، ڕایگەیاندبوو کە دوو کەس لە ئەندامانی ئێمە لە ناوەندێکی سەربەخۆی توێژینەوە لەو ئاگرکەوتنەوەیەدا گیانیان لەدەستداوە.

ئەوە لە کاتێکدایە کە بە ووتەی ئەو سەرچاوە ئیسرائیلییە ئەو شوێنە بنکەیەکی شاراوەی مووشەکی سوپای پاسدارانە و ئەو گرتەڤیدیۆیانەی کە لە ڕێگای ماهوارەوە گیراون، نیشانی دەدا کە لانیکەم یەک لە سەر چواری ئەو ناوەندە بە تەواوی خاپوور بووە و بەشەکانی دیکەشی خەساری زۆریان بەرکەوتووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتەی تایمزی ئیسرائیل پێدەچێ ئەو ناوەندە، هەمان ناوەندی توێژینەوەیە بێ کە ساڵی ٢٠١٧ وەزارەتی دارایی ئەمریکا بەهۆی “توێژینەوە و پەرەپێدانی مووشەکی بالستیک” گەمارۆی خستەبووە سەر.

جێی ئاماژەیە کە لە ماوەی ڕابردوودا دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران چەندین جار کەوتوونەتە بەر هێرش و تەقینەوە و خەساری زۆریان بەرکەوتووە کە ڕێژیمی ئێران ئەو هێرشانەی خستووەرە پاڵ ئیسرائیل ەوە.


ئەم بابەتە 11992 جار خوێندراوەتەوە