بە هۆی دەستکاری ڕیکەوتنەکەی نێوان هەرێم و بەغدا لە لایەن شیعەکانەوە و ناکۆکی لە نێوان خۆیاندا پەسەند کردنی بوودجەی ٢٠٢١ جارێکی دواخرا

پەیامی کورد      ...   بە هۆی دەستکاری ڕیکەوتنەکەی نێوان هەرێم و بەغدا لە لایەن شیعەکانەوە و ناکۆکی لە نێوان خۆیاندا پەسەند کردنی بوودجەی ٢٠٢١ جارێکی دواخرا

هەرچەندە پڕۆژەیاسای بوودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١ ماوەی نزیکەی ٤ مانگە حکوومەتی فیدڕاڵ رەوانەی پەرلەمانی کردوە، بەڵام بەهۆی جیاوازی و ناکۆکی فراکسیۆن و لایەنەکان لەدوایین کۆبوونەوەی دوێنێی پەرلەماندا جارێکی دیکە دەنگدان لەسەر پڕۆژەکە دواخرا، بەڵام پەرلەمانتارێکی کورد رایگەیاند  "لایەنەکانی شیعە دەستکاری رێککەوتنی هەولێر و بەغدایانکرد و لەناوخۆشیاندا لەسەر چەندین برگە ناکۆکن، بۆیە پەسەندکردنی بوودجە دواخراوە".

ناسر هەرکی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە هەردوو پێکهاتەی شیعە و سوننە لەسەر چەندین برگە و مادە ناکۆکیان هەیە، لایەنە شیعەکان لەسەر پرسی ژمارەی دامەزراندن، پشکی پارێزگاکان، فەرمانبەرانی گرێبەست و چەنین برگەی دیکە ناکۆکن، بەڵام دەیانەوێت بۆ شەقام وانیشانی بدەن کە کورد هۆکاری دواکەوتنی پەسەندکردنی بوودجە بوە کە ئەوەش دوورە لەراستییەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، شاندی هەرێم لەکۆبوونەوەی چەند رۆژی رابردوویدا بەتەواوی هاوکار و هەماهەنگ بوە بۆ ئەوەی بەهەر شێوەیەک بێت لەگەڵ بەغدا بگاتە رێککەوتن، بۆیە سەرەڕای تێبینی لەسەر پێشنیازەکەی لایەنی شیعە، بەڵام بەکۆمەڵێک گۆڕانکارییەوە پرۆژەکەی پەسەندکرد و لەکۆبونەوەی لیژنەی داراییدا جێگیرکرا.


ئەم بابەتە 11991 جار خوێندراوەتەوە