بە پێی بڕیاری لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ٧٥ هەزار كەس دادەمەزرێندرێن
پەیامی کورد ... بە پێی بڕیاری لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ٧٥ هەزار كەس دادەمەزرێندرێن
لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێشبینی دەکات مانگی ئاداری ساڵی داھاتوو، پڕۆژەیاسای بوودجە پەسەند بکرێت و دەتوانرێت دامەزراندنی ٧٥ ھەزار پلەی وەزیفیشی تێدا جێگیربکرێت.
موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، سەرەتای ساڵی داھاتوو پڕۆژەیاسای بوودجە لە حکوومەتەوە دەگاتە ئەنجوومەنی نوێنەران، پێشبینیش دەکەن لە مانگی ئادار پڕۆژەیاساکە پەسەند بکرێت، دوای ئەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران تاوتوێی دەکات و بیروڕا جیاوازەکان دەخرێنەڕوو.
ھاوکات لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، پێشبینی دەکەن پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٣ کە تائێستا لە وەزارەتی داراییە، بگاتە ١٥٠ ترلیۆن دینار و دەتوانرێت دامەزراندنی ٧٥ ھەزار پلەی وەزیفیشی تێدا جێگیربکرێت، بە تایبەتیش دامەزراندنی ئەو کەسانەی خاوەنی بڕوانامەی باڵان لەگەڵ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان.
بەپێی پێشبینییەکانیان، کورتھێنان لە بوودجەی ٢٠٢٣ی عێراق لە ١٠% تێناپەڕێت، یەکەم ساڵیش دەبێت کە عێراق قەرزاری کوەیت نابێت و لە بوودجەدا پارەی بۆ دابین ناکرێت.
ئەم بابەتە 11989 جار خوێندراوەتەوە