بە پێی بڕیاری وەزارەتی شارەوانی ، ئەنجوومەنی شارەوانییەكانی سلێمانی دەگۆڕدرێت .
پەیامی کورد ... بە پێی بڕیاری وەزارەتی شارەوانی ، ئەنجوومەنی شارەوانییەكانی سلێمانی دەگۆڕدرێت .
بەڕێوبەری راگەیاندنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، لە چوارچێوەی پرۆسەی چاكسازی دا، ئەنجوومەنی شارەوانییەكانی سلێمانی هاوشێوەی شارەوانییەكانی شاری هەولێر و دهۆك دەگۆڕدرێت.
كوردۆ عومەر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی رایگەیاند، لە چوارچێوەی چاكسازییەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گۆڕینی ئەنجوومەنی شارەوانییەكان، ئەنجوومەنی شارەوانییەكانی سلێمانی كۆتایی بە كارەكانی هات و، بە گوێرەی پەیڕەوێكی نوێ، ئەنجوومەنی شارەوانییەكانی سلێمانی هاوشێوەی هەولێر و دهۆك پێك دەهێندرێتەوە، كە پێشتر لە رێوڕەسمێكدا بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ئەنجوومەنی شارەوانییەكانی هەولێر بە دەستبەكاربوونی ستافێكی نوێ كارا كرایەوە.
بەڕێوبەری راگەیاندنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جەختی كردەوە، كە بە گوێرەی پەیڕەوە نوێیەكەی پێكهێنانەوەی ئەنجومەنی شارەوانییەكان، ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانییەكان لەسەر بنەمای پلەی شارەوانییەكان دیاری دەكرێن و رێژەی ئەندامانی ئەنجوومەنەكانیش 75%ی لە سەرۆكی فەرمانگە حكوومییەكانی شار و شارۆچكەكان پێك دێن، كە هاوبەشیكردنی سەرۆكی فەرمانگە حكوومییەكان لە ئەنجومەنی شارەوانییەكان، دەبێتە هۆكارێك بۆ هەماهەنگی زیاتری نێوان فەرمانگەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و چارەسەركردنی كێشە هاوبەشەكان لە نێوان ئەو فەرمانگانە و شارەوانیدا.
ناوبراو گوتیشی، لە پەیڕەوە نوێكەدا رێژەی 25%یش لە نوێنەری رێكخراوە ناحكوومییەكان و سەندیكا و رێكخراوە پیشەییە تایبەتمەندەكان دەبن، كە ئەمە یەكەم جارە نوێنەری رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و سەندیكاكان بەشداری لە پێكهێنانی ئەنجومەنی شارەوانییەكاندا دەكەن بۆ بایەخدان بە پێگەی ڕێكخراو و سەندیكاكان بۆ ئەوەی ڕۆڵیان لە پرۆسەی بڕیاردان لەناو شارەوانییەكاندا زیاد بكرێت، چوونكە وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار ئەو هەنگاوە بە گرینگ دەزانێت بۆ زیاتر خزمەتكردنی هاووڵاتییان.
دەشڵێ، ئەنجوومەنی شارەوانییەكان (پێشوو) لە ساڵی 2000-2001 هەڵبژێردرابوون، كە نزیكەی 20 ساڵ بوو ئەو ئەنجوومەنانە بە بێ گۆڕانكاری كاریان دەكرد، بۆیە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەك جێبەجێكردنی پرۆسەی چاكسازی بە كردەیی گۆڕانكاری لەو ئەنجوومەنانەدا دەست پێكرد، كە بەپێی یاسا پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە دابینكردنی خزمەتگوزاری ناو شارەكان هەیە و، ئەم بڕیارەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بۆ نوێكردنەوەی ئەنجوومەنی شارەوانییەكان، لە پێناو زیاتر خزمەتكردنی خەڵكە لە سنووری شارەوانییەكان.
ئەم بابەتە 11996 جار خوێندراوەتەوە