بە پێی بڕیارێکی حکوومەتی عێراقی بڕی ١٥ میلیارد دینار بۆ قەزای شەنگال تەرخان دەکرێت
پەیامی کورد ... بە پێی بڕیارێکی حکوومەتی عێراقی بڕی ١٥ میلیارد دینار بۆ قەزای شەنگال تەرخان دەکرێت
جێگری پارێزگاری مووسڵڕایگەیاند ، حکوومەتی عێراق بۆ ئاوەدانکردنەوەی شەنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان بڕیاری داوە ١٥ ملیار دینار بۆ ئەو قەزایە تەرخان بکات و بڕیاریش دراوە ئەو چەکدارانەی پەکەکە خۆیان کردووەتە مەدەنی لە شنگال دەربکرێن.
جێگری پارێزگاری مووسڵ، ڕەفعەت سمۆ، رایگەیاند : "شاندێکی حکوومەتی عێراق سەردانی شەنگالی کردووە و بڕیاری داوە دوای ھاتنی پۆلیس بۆ شەنگال پێویستە ئەو شارە ئاوەدان بکرێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاری داوە کە نزیکەی ١٥ ملیار دینار بۆ شنگال تەرخان بکرێت، ھەم شەنگال ئاوەدان بکرێتەوە و ھەمیش خزمەتگوزاری بۆ شەنگال دابین بکرێت، چوونکە شەنگال وێرانە و پێویستی بە پارەیەکی زۆر ھەیە، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت شەنگال ئاوەدان بکرێتەوە بۆ ئەوەی ئاوارەکانیش بگەڕێنەوە".
ڕەفعەت سمۆ ووتیشی: "جگە لەوەش، چەکدارانی پەکەکە دەرکراون، بەڵام کۆمەڵێک ماون، خۆیان کردووە بە مەدەنی، بڕیارە ئەوانیش دەربکرێن، چوونکە ئەوانەش مەترسین بۆ شەنگال و پێویستە شەنگال بە تەواوی لە پەکەکە پاک بکرێتەوە".
گوتیشی: "ئەمڕۆ لەگەڵ فەرماندەی ھێزەکانی شەنگال لە حکوومەتی عێراق دانیشتین، ئەویش باسی لەوە کرد ھەرچی ھێزی ناشەرعییە لە شەنگال دەر دەکرێن، بۆیە پەکەکە شوێنی لە شەنگال نەماوە".
ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە