بە پێی بڕیارێکی پڕۆژەی چاکسازی ئەم کەسانە مووچەکانیان رادەگیرێت
پەیامی کورد ... بە پێی بڕیارێکی پڕۆژەی چاکسازی ئەم کەسانە مووچەکانیان رادەگیرێت
بەڕێوبەری ئامار لە بەڕێوبەرایەتی خانەنشینی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، پرۆسەی چاکسازی بەردەوامە و لە ئێستادا فۆڕمێکیان پێشکەشی ھەموو پلە تایبەتەکان کردووە، کە پێویستە پڕی بکەنەوە، بۆ ئەوەی بزانن کێ یاساییە و کێش نایاساییە، ئەوەی پڕیشی نەکاتەوە، مووچەکەی رادەگیرێت.
سەباح موخلیس، بەڕێوبەری ئامار لە بەڕێوبەرایەتی خانەنشینی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند : "فۆڕمێکمان بەسەر ھەموو پلە باڵاکان وەکوو وەزیر و بریکاری وەزیر و بەڕێوبەرە گشتییەکان دابەش کردووە، بۆ ئەوەی پڕی بکەنەوە و ھەموو زانیارییەکمان بۆ ئاشکرا بکەن، چوونکە لە کاتی خۆی کەسێک ھەبووە وەزیر بووە و دۆسیەکەی کەم وکوڕی ھەبووە، بۆیە پێویستە بەو فۆڕمە زانیارییەکان پڕ بکرێتەوە، کە ئەوەی یاسایی بێت پڕی دەکاتەوە و ئەوەی نایاساییش بێت ئاشکرا دەبێت، بۆیە لە ئێستادا خەریکە فۆڕمەکە تەواو دەبێت، بەڵام زۆرینەی پڕیان کردووەتەوە، تەنها ئەوانەی دەرەوەی ووڵات ھێشتا پڕیان نەکردووەتەوە و دوای پڕکردنەوە و تەواوبوونی فۆڕمەکەش، ئەوکات پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت و رێک دەخرێتەوە، کە پاشان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران رەوانە دەکرێت و ئەوان بڕیاری لێ دەدەن".
موخلیس ووتیشی، ئەوەی فۆڕمەکە پڕ نەکاتەوە، مووچەکەی رادەگیرێت تاوەکوو فۆڕمەکە پڕ دەکاتەوە.
ناوبراو باسی لەوەش کرد: "لە چاکسازیکردن لە پلە تایبەتەکان گەیشتووینەتە بەڕێوەبەرە گشتییەکان، کە ٧٥٠ کەس دەبن و ئەوانیش ٩٠%ی تەواو بووە و ئەگەر ئەوانەش تەواو بێت، ئەوانی دیکە وەکوو وەزیر و بریکار ژمارەیان کەمە و زۆر نییە".
دەشڵێ: "لەناو بەڕێوبەرە گشتییەکانیش خەڵکی نایاسایی تێدایە، بەڵام تا تەواو نەبین، نازانین ژمارەیان چەندە و کاتێک تەواو بووین، ئەوکات ژمارەیان دیار دەبێت".
ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە