بە پێی بڕیارێکی گرینگ بە دوو رێگای جیاوازەوە سبەی دەوام لە قوتابخانەكان دەست پێده‌كاته‌وه‌

پەیامی کورد    ...    بە پێی بڕیارێکی گرینگ بە دوو رێگای جیاوازەوە سبەی دەوام لە قوتابخانەكان دەست پێده‌كاته‌وه‌

سەرۆكی یەكیتی مامۆستایانی كوردستان رایگەیاند، ئامادەكاری تەواو كراوە بۆ ئەوەی سبەی دەوام لە قوتابخانەكان دەست پێبكات و دەوامكردنی قوتابیانیش بە دوو رێگا دەبێت، یان رۆژێك نا رۆژێك دەبێت و یاخود ھەفتەی سێ رۆژ دەوام دەبێت.

ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆكی یەكیتی مامۆستایانی كوردستان ڕایگەیاند : "پێشوازییەكی باش لە كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان ھەیە و مامۆستایان لەگەڵ ئیدارەی قوتابخانەكان لە گفتوگۆی بەردەوامدان و پەروەردەكانیش بەرنامەی خۆیان دادەنێن بۆ شێوازی دەوامكردن و چۆنیەتی دەوامكردنی مامۆستایان، بۆیە سبەی بە شێوەیەكی ئاسایی پرۆسەی خوێندن دەست پێدەكات و ھیچ گرفتێك لە بەردەمیدا نییە و مامۆستایانیش ئامادەی دەوامكردنن و ھیچ كێشەیەكیان نییە".

سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان ووتیشی، بۆ دەوامكردن دوو پێشنیاز و دوو رێگا ھەیە، ئەویش رۆژ نا رۆژێك لە ھەفتەیەكدا دەوام بێت، یان ھەفتەی سێ رۆژ دەوام بكەن، ئەوەش لەسەر ناوچەكان دەمێنێتەوە چۆن دەوام دەكەن، كە بە یەكێك لەم دوو رێگایە دەبێت.

گەرمیانی باسی لەوەش كرد: "ئەمە حاڵەتێكی ناچارییە و دەست بە دەوام دەكەین تا ٢٣ی ئەم مانگە، ئەوكات لیژنەی باڵا كۆدەبێتەوە و ھەڵسەنگاندن بۆ دۆخەكە دەكەن و بڕیار دەدەن بەو شێوە بەردەوام بێت یان گۆڕانكاری بكرێت، ھەموو ھەوڵێكیش دەدرێت پرۆگرامی خوێندن تەواو بكرێت، چوونكە ئامادەكاریی باش كراوە.


ئەم بابەتە 11986 جار خوێندراوەتەوە