بە پێی بڕیارێکی گرینگ تەواوی مووچەخۆران دەبنە خاوەن ژمارەی بانكی و فەرمانبەران و هاووڵاتیانیش دەبنە خاوەن ناسنامەی ئەلیكترۆنی

پەیامی کورد     ...    بە پێی بڕیارێکی گرینگ تەواوی مووچەخۆران دەبنە خاوەن ژمارەی بانكی و فەرمانبەران و هاووڵاتیانیش دەبنە خاوەن ناسنامەی ئەلیكترۆنی

سەرۆكی فەرمانگەی تەكنەلۆژیای زانیاری لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند : قۆناغی دووهەمی پڕۆسەی تۆماری بایۆمەتری مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەستی پێ كردووە، كە تەواوی مووچەخۆران دەبنە خاوەن ژمارەی بانكی و هەروەها فەرمانبەران و هاووڵاتیانیش دەبنە خاوەن ناسنامەی ئەلیكترۆنی.

هیوا فەرزندە ئەفەندی، ڕایگەیاند : "قۆناغی دووهەمی بایۆمەتری دەستی پێ كردووە كە تەواوكەری قۆناغی یەكەمە و،‌ بریتیە لە دروستكردنی ئەو سیستەمە ئەلیكترۆنیانەی كە حكوومەت پێویستی پێیانە، بۆ نموونە ژمێریاری ئەلیكترۆنی و سیستەمی میلاكاتی ئەلیكترۆنی و بەردەوامبوون لە تۆماری ئەو خەڵكەی كە دەستبەكار دەبن لە حكوومەت، هەروەها بۆ ئاسانكاری لە كاتی خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەران لە ئێستادا سەرقاڵی درووستكردنی ناسنامەی ئەلیكترۆنی و ژمارەی بانكین بۆ مووچەخۆرانی حكوومەتی هەرێم، كە دەبێتە ناسنامەیەكی دیجیتاڵی بۆ فەرمانبەر، بۆ ئەمەش وای بۆ دەچم تا ناوەڕاستی یان كۆتایی مانگی ئادار ئەم پرۆسەیە‌ تەواو بێت".

سەرۆكی فەرمانگەی تەكنەلۆژیای زانیاری لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ووتیشی: "لە هەمان كاتدا سیستەمەكانی حیساباتی ئەلیكترۆنیش لە جێبەجێبووندان و دوای تەواوبوونیشیان حكوومەت بڵاویان دەكاتەوە".

ئەفەندی، زیاتر زانیاری دا و ووتی: "مووچەخۆرانی حكوومەت بەشێكی بچووكی دانیشتووانی هەرێمن و، پلانی حكوومەت خزمەتكردنە بە دانیشتووانی هەرێم، بۆیە ناسنامەی ئەلیكترۆنی بۆ هاووڵاتیانیش دروست دەكرێت، واتا گشت دانیشتووانی هەرێم لە داهاتوویەكی نزیكدا دەبنە خاوەن ئەو ژمارە ئەلیكترۆنییە تایبەتە، هەروەك جەنابی سەرۆكی حكوومەت لە كردنەوەی پڕۆژەی مووڵەتی شۆفێری و تۆماری ئۆتۆمبێلەكان باسی لەوە كرد، هەموو دانیشتوویەكی هەرێم دەبێتە خاوەن ناسنامەیەكی ئەلیكترۆنی دواتریش تەواوی خزمەتگوزارییە ئەلیكترۆنییەكان جێبەجێ دەكرێن و بەردەست دەبن، بۆیە پرۆسەیەكی بەردەوامە و كاتی پێ دەچێت، بەڵام لە ماوەیەكی نزیك روو دەدات، بۆ ئەمەش وای بۆ دەچم تا ساڵی ٢٠٢٢ هاووڵاتیانیش ئەو ناسنامە ئەلیكترۆنییەیان پێ دەدرێت".


ئەم بابەتە 11994 جار خوێندراوەتەوە