بە پێی بڕیارێکی گرینگ گۆڕانکاری لە بەشە خۆراکی مانگانەدا دیت
پەیامی کورد ... بە پێی بڕیارێکی گرینگ گۆڕانکاری لە بەشە خۆراکی مانگانەدا دیت
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتی، ئێستا حکوومەت بوودجەیەکی بۆ پەرلەمان ڕەوانە کردووە، کە بوودجەی فریاکەوتنە و پشکی شێر بۆ خۆراکی مانگانە و کڕینی گەنمی جووتیاران دانراوە، چوونکە بڕیار دراوە لەمەودوا نەک دوو مانگ جارێک، پێویستە هەموو مانگێک بەشەخۆراک بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش بکرێت، چوونکە دۆخی خەڵک خراپە و کەل و پەلی خۆراکییش گرانە، بۆ ئەوەی هەرزانتر بێت و خەڵک بتوانێت ژیانی خۆی پێ بەڕێ بکات.
ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئێخلاس دلێمی، ڕایگەیاند : ''لەسەر بوودجەی فریاکەوتنی عێراق بەردەوامین لە گفتوگۆ کە ٢٥ ترلیۆن دینارە و پشکی هەرێمی کوردستانیشی تێدایە و ئێستا وەزیرە پەیوەندیدارەکان بانگهێشت دەکەین، وەکوو وەزیری دارایی و بارزگانی و ئەوانەی دیکە، بۆ ئەوەی بزانین هەریەکەیان چەند بوودجەیان بۆ تەرخان بکرێت بۆ ڕاییکردنی کاروبارەکانیان.''
ئێخلاس دلێمی گوتیشی: ''لەو بوودجەیە پشکی شێر بۆ بەشەخۆراکی مانگانە و کڕینی گەنمی جووتیاران دەبێت، کە لە هەردووکیشیدا پشکی هەرێمی کوردستان هەیە، بۆیە بەپێی ئەو بوودجەیەی دانراوە، مانگانە بێ دواکەوتن بەشەخۆراک دەدرێت، نەک وەکوو ئێستا بە دوو مانگ جارێک.''
دلێمی باسی لەوەش کرد : ''ئەوەش هەنگاوێکی گرینگە بۆ ئەوەی خەڵک بتوانن ژیانی خۆیانی پێ بەڕێوە ببەن، چوونکە نرخی کەلوپەلی خۆراک گرانە و ئەگەر مانگانە خۆراک بێت، کاریگەری دەبێت و نرخەکەشی هەرزانتر دەبێت، بۆیە ئەو هەنگاوە دەنرێت.''
ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە