بە پێی بڕیارێک لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ژمارەیەکی بەرچاو پڕۆژەی خزمەتگوزاری دەخرێنە واری جێبەجێ کردنەوە

پەیامی کورد       ...    بە پێی بڕیارێک لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ژمارەیەکی بەرچاو پڕۆژەی خزمەتگوزاری دەخرێنە واری جێبەجێ کردنەوە

بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوو ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری بخرێنە بواری جێبەجێکردن و پارێزگاری ھەولێریش دەڵێت، پڕۆژەکان بە سێ قۆناغ  جێبەجێ دەکرێن و ھەموو ناوچەکانیش دەگرێتەوە.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر، ئەمڕۆ لە کاتی دانانی بەردی بناغە بۆ بنکەی تەندرووستی گەلیاوە لە شارەدێی بەحرکە ڕایگەیاند: "وەک پارێزگای ھەولێر لە سەروبەندی ئامادەکارین بۆ ئەوەی لە چەند ڕۆژی داھاتوودا ژمارەیەکی بەرچاو پڕۆژە ڕابگەێنین کە بە سێ قۆناغ دەخرێنە بواری جێبەجێکردن، چوونکە پێشتر بەھۆی قەیرانی دارایی و بڵاوبوونەوەی ڤیرووسی کۆرۆنا پڕۆژەکان ڕاگیرابوون."

پارێزگاری ھەولێر ووتی: "پارەی پێویست بۆ ئەو پڕۆژانە تەرخان دەکرێت کە لە قۆناغی یەکەمدا بە گوژمەی ٢٨ ملیار دینار و قۆناغی دووەم بە گوژمەی ٢٦ ملیار و قۆناغی سێیەمیش بە گوژمەی زیاتر لە ٨٠ ملیار دینار پڕۆژە لە ھەولێر جێبەجێ دەکرێت."

ئومێد خۆشناو ڕوونی کردەوە: "پڕۆژە نوێیەکان بەسەر ھەموو ناوچەکانی سنووری پارێزگای ھەولێردا دابەش کراون، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ھەموو بوارەکاندا ئامانجی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە، داواش لە سەرمایەدارانی کوردستان دەکەین بەشدار و ھاوکار بن بۆ ئەوەی خزمەتی ھاووڵاتییانی خۆمان بکەین ھەروەک چۆن پێشتر ڕۆڵیان ھەبووە و لەسەر ئەرکی خۆیان پڕۆژە جێبەجێ بکەن."


ئەم بابەتە 11994 جار خوێندراوەتەوە